زاری كرمانجی- مەزنێ:
سەردار رەشید، بەرێوەبەری ناحیەی مەزنێ، بۆ زاری كرمانجی دیاركرد:” لە پڕۆژە گرنگەكانی ناوچەكە پڕۆژەی ئاوی كەونە گوند و شەش گوندی دەوروبەرە، كە بەلێدانی بیرێكی ئاو راكێشانی بەنزیكەی 2800 مەتر ئاو گەیندراوەتە گوندەكان و حەوزی ئاوی بۆ دروستكراوە، ئەمە لە كاتێكدایە لە رابردوو بەشێوەی تانكەر ئاو بۆ گوندەكان دابین دەكرا، بەڵام پرۆسەی دابەشكردنی ئاو بە تانكەر نەماوە لە سنووری ناحیەكەمان، كۆی پڕۆژەكەش نزیكەی 800 ملیۆن دینار بوو، بەڵام لەكاتی دابەشكردنی ئاو بەتانكەر رۆژانە 500 هەزار لیتر ئاو دابەشدەكرا كە ساڵانە زیاتر لە 640 ملیۆن دینار تێچووی بوو، هەروەها سەرچاوەی سەرەكی ئاوی ناحیەی مەزنێ ئاوی بەردەرییە، بەشێك سەرچاوەی دیكەش هەن سوودی لێ وەردەگرین ئەویش بیری ئاون تا ئێستا كار دەكەن و وشك نەبوونە، سەرچاوەی سێیەم كە سوودمان لێ بینیوە ئاوی رووبار بووە فلتەرمان كردووە، بۆ ئەوەی گەر پێویست بێت سوودی لێ ببینین.