رۆژن قیاس_زاری كرمانجی:
تا دێت ناڕەزاییەكان لە دژی شەهیدكردنی ژینا ئەمینی كچە كوردی 22 ساڵان زیاتر دەبێت، حكومەتی ئێران دەیەوێ كەیسی ژینا بە بابەتی سیاسی گرێ بدات.
(عیرفان مورتەزایی) پوورزای ژینا ئەمینی لە هەڤپەیڤینێكی تایبەتدا بۆ “ئێران وایەر” دەڵێت، دایك و باوكی ژینا لەلایەن ناوەندە ئەمنییەكانی حكومەتەوە خراونەتە ژێر فشارەوە بۆ ئەوەی لە بەردەم كامێرای میدیای حكومەتدا ئامادە بن و بڵێن كچەكەیان پێش ئەوەی بكوژرێت، نەشتەرگەریی مێشكی بۆ ئەنجام دراوە”.
“بنەماڵەی ئەمینی تاوەكو ئێستا دژی ئەو پیلانەی حكومەت وەستاونەتەوە”.
بەگوێرەی قسەكانی عیرفان مورتەزایی” لە سیناریۆی ناوەندە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامیدا هەوڵ دراوە ژینا بە چالاكییە سیاسییەكانی پورزاكەیەوە گرێ بدرێت كە ئەندامی (كۆمەڵە) ی رێكخراوی كوردستانی حزبی كۆمۆنیستی ئێرانە”.
مورتەزایی لەدرێژەی هەڤپەیڤینەكەیدا بۆ ماڵپەڕی ئێران وایەر دەڵێت” دایك و باوكی ژینا بەهۆی لەدەستدانی كچەكەیان و فشاری ناوەندە حكومیەكان بۆ سەریان، باری تەندروستیی جەستەیی و دەروونییان باش نییە”.
پوورزای ژینا لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا دەڵێت، وەزارەتی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە ڕێگەی هێزە سایبێرییەكانیانەوە دەستیان كردووە بە بڵاوكردنەوەی دەنگۆ و زانیاریی ناڕاست سەبارەت بە ژیانی ژینا”.