مههدى محهممهد – زاری کرمانجی :
ترسی کۆڵبەرانی نێوان سنوورى ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان، سەختی ڕێگا و خراپی کەش و هەوای ناوچەکە نییە، بەڵکوو هێزە سنوور پارێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانن، کە دەست ناپارێزن لە کوشتن و بریندارکردنیان. کۆڵبەران ئاماژە بەوە دەکەن دەوڵەتی ئیسلامی بە چاوی دوژمنکارانە سەیری کۆڵبەران دەکات و بە تەقەی ڕاستەوخۆ هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکات، بۆیە قوربانییەکان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبن.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاوی کردەوە شەوی هەینی 29ی ئەیلوولی 2023، محەممەد خالیدی، کۆڵبەرێکی خەڵکی گوندی «چی چوران» سەر بە شارۆچکەی نەنۆڕی بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکومەتی ئێران کوژرا. تەرمەکەشی بۆ نەخۆشخانەی سەڵاحەدینی ئەیووبی شاری بانە گوازراوەتەوە و تاوەکوو ئێستا تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، تەنیا لە ساڵی 2022، 290 کۆڵبەر لە سنوورەکانی نێوان ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان به هۆى رووداوى جۆراوجۆر، بوونەتە قوربانی کە 46 کەسیان گیانیان لە دەست داوە و 244 کەسیش برینداربوونە. له نێو قوربانيان : ٢٠٩ حاڵەت به تەقەی ڕاستەوخۆى هێزهكانى ئێران بووه كه (٣٣ كوژراو و ١٧٦ بریندار) ى لێكهوتووتهوه كە دەگاتە ٧٢.٥٪ی كۆی حاڵەتەكان.