شەهلا رەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕ دەڵێت” پێویستە لە هەردوو وەرزەكانی پایز و زستاندا ئاگاداری پێستمان بین چونكە زیاتر وشك دەبێت و هەروەها گرنگی بەو دژەخۆرانەش بدەین كە لە ژێر كوالیتی كۆنتڕۆڵی وەزارەتی تەندروستیدان.
د. رزگار عەزەت خان، پزیشكی پسپۆڕی پێست، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند” ئێمە پێویستە هەوڵبدەین لە هەرچوار وەرزەكانی ساڵ بەپێی ساردی و گەرمی ئاگاداری پێستمان بین، بەڵام لە هەردوو وەرزەكانی پایز و زستان پێست زیاتر وشك دەبێت، هەروەها كەم و زیادی ڕووتووبەتیش كاریگەری خۆی لەسەری هەیە، هەر بۆیەش دەبێ ئاگاداری پێستمان بین و بزانین چۆن لە وشكبوونەوە بپارێزین، پێویستە ڕۆژانە كرێمی نەرمكەرەوەی پێست بەكاربێنین كە ئەویش پزیشك بەگوێرەی پێست دیاری دەكات، تایبەت بۆ ئەو كەسانەی كە تووشی ئێكزیما و جۆرەها نەخۆشی پێست دەبن لەم وەرزەدا پێویستە پێشوەختە چارەسەر وەرگرن و كرێمی تایبەتیش بەكاربێنن ئەویش دەبێ پزیشكی پسپۆڕ بۆ تووشبووەكە دەستنیشان بكات.
ئەم پزیشكە لەبارەی بەكارهێنانی دژەخۆریش دەڵێت” تەنها چەند دژەخۆرێك هەن كە ڕێگە پێدراون لە وەزارەتی تەندروستی و باجی كوالیتی كۆنتڕۆڵ و وەزارەتی تەندروستییان لێدراوە، هەر بۆیەش دەمەوێ ئاماژە بەوە بكەم كە خەڵك زیاتر گرنگی بەو دژەخۆرانە بدەن كە باجیان لێدراوە و هیچ زیانێك بە پێست ناگەیەنن، بە پێچەوانەی ئەوانەی كە لە بازاڕەكان یاخود بەشێوەی ئۆنڵاین دەفرۆشنە هاووڵاتییان، هەموو ئەمانە ماددەی زیانبەخشییان تێدایە و كێشەی زیاتر بۆ پێست دروست دەكەن.