زاری كرمانجی-رواندز
ئەشكەوتی كافران، دەكەوێتە چیای زۆزك بە دووریی سێ كیلۆ مەتر و نیو لە باكوری گوندی بەرزێوە 9 كیلۆ مەتر لە باكوری رۆژهەڵاتی قەزای رواندز لەسنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.
بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سۆران زانیاری لەسەر ئەم ئەشكەوتە بڵاو كردووەتەوە، ئەم ئەشكەوتە لە دوو نهۆم پێكهاتووە، نهۆمی خوارەوە فراوانییەكەی نزیكەی (3 – 5 )م دەبێت، لە بەشی دواوەی كونێك هەیە كە تیرەكەی (1 – 1,5)م دەبێت و بەرزییەكەی نزیكەی (5)م دەبێت و هەردوو قاتەكە بەیەكتری دەبەستێتەوە، فراوانییەكەی (3-4)م دەبێت، ئەویش بە هەمان شێوە دەروازەیەكی هەیە و ڕووی لە خۆرە و دیوارێكی بۆ كراوە بە بەرزیی (1,5)م. لە لای چەپی دەروازەی ئەشكەوتەكە، لەسەر تاقێك بە ڕووبەری (120 ×120) سم دیمەنێك هەیە، لەگەڵ چەند دێڕێكی نووسین كە بە (حبر) وێنە كێشراوە.
هەروەها وێنەی وێنەی زۆرانبازیی ئەسپسوارێك لەگەڵ شێرێك نەخسێندراوە، ئەسپ سوارەكە بە بەرزیی 45 سم و بەپانیی 38 سم وێنە كێشراوە، ئەو كەسەی لەسەر ئەسپەكە وێنەی كێشراوە، كڵاوێكی شێوە قۆقزیی لە سەردایە، وەك شێوەی لوولپێچی یان چەند چینێكی لەسەر یەك دەردەكەوێت و لەسەری كڵاوەكە بازنەیەك هەیە، لە بەشی سەرەوەی ئەم وێنەیە، بە دووریی 15سم وێنەی ئافرەتێك بە بەرزیی 43سم كێشراوە، قژەكەی پەرش و بڵاو بووەتەوە بە هەردوو لاوە كە درێژییەكەی نزیكەی 10سم دەبێت، لەلای چەپی ئەم دوو وێنەیە چەند دێڕێكی نووسین هەیە كە بە شێوەیەكی لار لەسەرەوە بۆ خوارەوە نووسراوە، بە هەمان شێوە ئەم نووسینە بە مەرەكەب نووسراوە و ناتوانرێت بەباشی بخوێندرێتەوە، بەهۆی كاڵبوونەوەی حبرەكە، بەڵام دوای تێڕامان و لێوردبوونەوە توانیمان چەند وشەیەكی وەك (اللە، محمد، علی، الحق، حل یان محل) لە نووسینەكەدا بناسێندرێتەوە.
هەروەك دەوترێت كاتی خۆی نامەیەك لەناو ئەشەكەوتەكەدا لەلایەن خەڵكی ناوچەكە دۆزراوەتەوە و دراوەتە دەست مامۆستای گوندی بەرزێوە، بەڵام هیچ كەس زانیاریی لەسەر خوێندنەوەی نەبووە و نامەكە بردراوە بۆ شاری بەغدا، لەوێ زانایەك بۆی خوێندوونەتەوە، لە نامەكەدا ئاماژە بەوە كراوە، خەڵكانێك لە ترسی ئیسلامبوون روویان لەو ئەشكەوتە كردووە.