حكومەتی عێراق هەولیداوە لە رێگەی سكاڵایەكی لە دادگاكانی ئەمریكا بڕێكی زۆر پارە لە حكومەتی توركیا وەربگرێت، ئەمەش بۆ جارێكی دیكە كێشەی دەخاتە نێوان هەردوو وەڵات و رەنگە بابەتی هەناردە كردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی توركیاوە كێشەی تێبكەوێتەوە.
پێگەی ( عێراق ئۆیڵ ڕیپۆرت) لەڕاپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەداوە” لە هەوڵی جێبەجێكردنی بڕیارێكی دژی توركیا، حكومەتی عێراق هەوڵیداوە دادگایەكی ئەمریكی بڕیارێك بە بەهای 601.9 ملیۆن دۆلار لەبەرژەوەندی عێراق دژ بەتوركیا دەربكات”.
زیاتر روونكراوەتەوە ” هەنگاوە نوێیەكەی حكومەتی عێراق ئاماژەیە بۆ ئەوەی بەغداو ئەنكەرە لەو جۆرە ڕێككەوتنە دیپلۆماسییە نزیك نین كە پێویستە بۆ كردنەوەی بۆری هەناردەكردنی نەوتی هەرێم لەڕێگەی توركیاوە، سەرەڕای چەندین گفتوگۆی تەكنیكیی لەناوەڕاستی مانگی ئەیلولدا كە بەرەو دەستپێكردنەوەی كارەكانی هەناردەكردن دەڕۆیشت”.