د. دیلمان ئازاد:” خێزانێكی هۆشیار كۆمەڵگەیەكی پەروەردەیی بنیات دەنێت”.
شەهلا رەشید – زاری كرمانجی :
د. دیلمان ئازاد پزیشكی پسپۆڕی دادوەری و مامۆستا لە كۆلێژی پزیشكی باس لەوە دەكات هەندێك رەفتار هەیە لە كۆمەڵگەی كوریدا بەرامبەر بە منداڵ ئەنجام دەدرێت و كاردانەوەی خراپیان دەبێ لە داهاتوودا، دەڵێ: ” هەندێك جار باسی ئەو بابەتانە دەكەم وەك راچڵەكین و تەكانێكی پەروەردەیی گرنگ كە جێی خۆیەتی لایەنی پەیوەندیدار و پسپۆڕانی پەروەردەیی بیخەنە نێو پڕۆگرامی خوێندن و بابەتەكە لە شەرمێكی درۆیینەی ژێر شەرمەوە دەربچێت، چونكە ئەو بابەتە سادانە ئێستا بابەتی گەرمی ڕۆژن، و ڕۆژانە لە ناحاڵی بوون بەو شتە سادانەی دەبوو بەشێوازێكی دروست منداڵان و خێزان لێی ئاگاداربن نەبوون و كێشەی گەورەی ئەخلاقی ڕوویداوە”.
د. دیلمان بە چەند خاڵێك باس لە پەروەردەی سێكسی دەكات كە پێویستە خێزان بە شێوەیەكی زانستیانەی سنووردار منداڵەكانیان بە زانیاری پێویست چەكدار بكەن، بۆ پاراستنیان لە لێشاوی دەستدرێژی سێكسی و دەڵێ:” لێرەوە ئەوەی گرنگە و مەبەستمە بڵێم دایكان و باوكان هەندێك لە بارەی پەروەردەی سێكسی بزانن، مەبەستمان لە پەروەردەی سێكسی فێركردنی منداڵەكەتە بە شێوەیەكی زانستی سنووردار، كە لەلایەك لەگەڵ كۆمەڵگە بڕوات و لەلایەكی دیكە منداڵەكەت بپارێزی لە كارەساتی نەخوازراو، ئەم خاڵانەی خوارەوە چەند هەنگاوێكی پەروەردەیی گرنگن، بۆ ئەوەی منداڵەكەت لە لێشاوی دەستدرێژی سێكسی بپارێزی، كەسایەتییەكی خاوەن پەروەردەیی جوانی هەبێ و كەس نەتوانێ زەفەری پێببات، دەبێ دایك و باوك بەشێوەیەكی دروست و بە پلانەوە منداڵەكانی لەسەر ڕابهێنێن.
١- هەندێك جار دایكان و باوكان وا دەزانن ئەگەر منداڵ لە هەموو شتێكدا بەگوێی كردن و بێ بیركردنەوە و پرسیاركردن لەبارەی كردن و نەكردنی هەر شتێك گووتیان بەڵێ یان باش، ئەوا منداڵەكەیان گوێڕایەڵە، نازانن دەبێ منداڵ فێر بكرێت كە لەبەرامبەر هەندیك جۆرە شت دەبێ بڵێت (نا)، گووتنی ئەم وشەیە بێ ئەدەبی نییە بەرامبەر بە گەورەكان، بەڵكو ئەو پەڕی پەرەوەردەیەكی جوان، تەندروستە و پێدانی هێزی متمانە و خاوەن ڕادەربڕینە، جوانترین كەسایەتییەكە كە بۆ منداڵ دروستی دەكەیت، چونكە زۆرجار بە گوێكردنی كوێرانە و گووتنی بەڵێ بۆ هەموو شتێك، كەسایەتی منداڵەكەت لاواز دەكات و دەیكاتە نێچیری هەموو دەستێك، هەموو كەسێك دەتوانێت بە ئارەزووی خۆی بەكاری بێنێت و دەستی پیس و گڵاوی بەسەردا بێنێت، لەبەر ئەوەی تۆی دایك یاخود باوك منداڵەكەت وا فێركردووە، بەبێ پرسیاركردن بۆ هەموو شتێك بڵێت بەڵێ.
٢- منداڵەكەت فێر بكە كە لە جەستەیدا شوێنی تایبەت بەخۆی هەیە و پەیوەستە بەڕەگەزەكەی، هیچ كەسێك بۆی نییە دەستكارییان بكات و ئەگەر كەسێك ویستی دەستیان لێبدات ئەوا بەدەنگی بەرز هاوار بكات و ئەوانی دیكە لێی ئاگادار بكاتەوە و نەهێڵێت دەستی لێبدات.
٣- منداڵەكەت ئاشنای شوێنە هەستیارەكان بكە و بە وردی باس لە تایبەتمەندییان بكە، فێریان بكە هەر یەك لەو ئەندامانە ناوی تایبەت بەخۆیان هەیە و نابێ مرۆڤ شەرم بكات لەناوهێنانیان.
٤- فێری ئەوە بكە كە بەهیچ شێوەیەك لە دەرەوەی ماڵ خواردن و خواردنەوە لە بێگانە وەرنەگرێت لەگەڵ كەس نەڕوات بەناوی یاری.
٥- دەبێ منداڵان فێر بكرێن كە لەگەڵ هاوتەمەنی خۆیان یاری بكەن و برادەرایەتی بكەن.
٦-زۆر پێویستە منداڵان فێر بكرێن كە لە پێش یەكتری لەبەردەم خەڵك جلی خۆی نەگۆڕێت و تایبەتمەندییەكانی بە وریاییەوە بشارێتەوە و دەریان نەخات.
٧- لە تەمەنی ٧ ساڵ بەرەوسەر، ژووری نووستنی كوڕ و كچ لە ماڵێكدا لێك جیا بكرێتەوە.
٨- كاتێك كە ناسیاوێك هەندێك جار بە گاڵتەوە لەگەل منداڵەكەت یارییەكی نا تەندروست دەكات، بۆ نموونە بیجامەكەی لەبەر رادەكێشێت، ئەوا وەك دایك و باوك نابێت ئەوە قبول بكەیت بەڵكو دەبێ بڵێی كە دەزانم تۆ بەگاڵتە وا دەكەی و وادەڵێی بەڵام ببورە من ڕازی نیم لەبەر پەروەردەی منداڵەكەم.
٩-مانەوەی منداڵ بە تەنیا لە ماڵان كارێكی باش نییە، سنوور هەبێت لە هاتووچۆ بەتایبەتی نێوان دراوسێكان.
١٠-مندال فێر بكەن كە لەباوەشی كەس دانەنیشێت و ماچی بكەن، بەداخەوە لەناو كۆمەڵگەی ئێمە ئەو دیاردەیە بوونی هەیە.