زاری كرمانجی-سۆران:
بەر لە 52 ساڵ ڕژێمی ئەو کاتی عێراق لەڕێگەی بەکارهێنانی ژمارەیەک مامۆستای ئاینی هەوڵی تیرۆرکردنی بارزانی نەمری دا و بەرپرسی لقی پارتیش لە باڵەکایەتی پێی وایە بەهۆی ئەو ڕێزەی لە مامۆستایانی ئاینی دەگیرا ڕژێم لەو ڕێگەیەوە هەوڵی تیرۆرکردنی بارزانی نەمری دا.
کرمانج عزەت، بەرپرسی لقی 26ی باڵەکایەتی ڕاگەیاند: بەر لە 52 ساڵ ڕژێمی ئەو کاتی عێراق وای بیردەکردەوە ئەگەر کۆتایی بە بارزانی نەمر بێنن کێشەیەک بەناوی کێشەی کورد نامێنێ و دۆزی کورد کۆتایی دێت، ئەوەبوو لەڕێگەی بەکارهێنانی ژمارەیەک مامۆستای ئاینی لە ڕۆژی 30ی ئەیلوولی ساڵی1971 لە بارەگای خۆی لە حاجی ئۆمەران هەوڵی تیرۆرکردنی بارزانی نەمر درا.
بەرپرسەکەی پارتی گوتی: سروشتی پارتی و بارزانی وایە زۆر ڕێز لەمامۆستای ئاینی دەگرن و هەموو کەس وەک مامۆستای ئاینی بە ئاسانی نەدەگەیشتە بارزانی نەمر، بەڵام ڕژێم دەیزانی دەرگای بارزانی و بارەگای بارزانی والایە بۆ زاناو مامۆستایانی ئاینی لەبەر ئەوەیش پیلانەکە بەو شێوەیە دروست کرا.
کرمانج عزەت ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: بارزانی نەمر لە هەوڵی تیرۆرکرنی بێشەرمانەی ڕژێم ڕزگاری بوو ئێستایش بنەماڵەی بارزانی و پارتی بەگشتی ڕێزی تایبەت لە مامۆستایانی ئاینی دەگرن، ڕژێم و تاقمەکەی هەر ڕووڕەشییان بۆ مایەوە، کێشەی کورد بە تیرۆرکردنی بارزانی کۆتایی نایە، چونکە بناغەی کوردایەتی بارزانی نەمر داینایە.