پشتیوان كەریم – سۆران:
لەبارەی ئەنجامدانی كۆی پڕۆژە خزمەتگوزاریەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و وەرگرتنی پشكنین لە پڕۆژەكان، بەڕێوەبەری تاقیگەی بیناسازی سۆران، ڕاگەیاند: هیچ پڕۆژەیەك لە سنووری ئیدارەی سۆران بێ پشكنین ئەنجام نادرێت.
تەیب سوڵتان، بەڕێوەبەری تاقیگەی بیناسازی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بۆ زاری كرمانجی دەڵێت: ساڵی پار لە كۆی ئەنجامدانی 120 پڕۆژە تەنها دوو لە پڕۆژەكان گرفتیان هەبوو دواتر ئەوانیش چارەسەركران، هەروەها ئەو كۆمپانیایەی كە لە ماوەی ڕابردوو پڕۆژەكەی لێوەرگیرایەوە بەهۆی دواكەوتنی پڕۆژەكەی بوو، لە ڕووی تاقیگەیشەوە كۆی پڕۆژەكانی ئاوەدانكردنەوە لەسنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران سەرووی 90% باش بوون لەڕووی پشكنینەوە هەندێك جار گرفتی تەكنیكی لە پڕۆژەكان هەبوو.
بەڕێوەبەری تاقیگەی بیناسازی ئیدارەی سۆران، گوتیشی: سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران 5500 كم دووجایە ڕووبەرێكی بەرفراوانی لەخۆگرتووە پڕۆژەكان بەسەر تەواوی قەزا و ناحیەكان دابەشكراون، هەروەها هیچ پڕۆژەیەكیش لەسنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئەنجام نەدراوە بێ پشكنین، ئەو تێكەڵە و موكەسەرەی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران هەیە كواڵێتیەكی زۆر باشی هەیە لە عێراق ئەو جۆرە باشە نییە.