زاری كرمانجی-سۆران:
وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی عێراقی فیدراڵ و راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە بەرامبەر بەهاناوەچوون و هاوكاریكردنی قوربانییانی ڕووداوەكەی حەمدانییە، سوپاسی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان كرد.
بریكاری وەزارەتی تەندروستیی عێراقی فیدڕاڵ و شاندی یاوەری لە میانی سەردانێكی شاری هەولێردا، سوپاس و پێزان و دەستخۆشییان لە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی تەندروستی و هەردوو بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر و دهۆكیان كرد بۆ بەهاناوەچوونی قوربانییانی رووداوی قەزای حەمدانییە لە پارێزگای مووسڵ، پێشوازیكردن و چارەسەركردنی برینداران و ناردنی هاوكارییەكانی دەرمان و پێداویستیی پزیشكی بۆ نەخۆشخانەی حەمدانییە.
وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان راگەیەندراوێكی بڵاو كردەوە، تێیدا هاتووە كە د.سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی كرد لە ساڵح زەمەد راوێژكاری سەرۆكوەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ و خەمیس حوسێن بریكاری وەزارەتی تەندروستیی عێراقی فیدڕاڵ و شاندی یاوەریان كە سەردانی شاری هەولێریان كرد، بە مەبەستی گەیاندنی سوپاس و پێزان و دەستخۆشی بۆ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.
لە راگەیاندراوەكەی وەزارەتی تەندروستیدا ئاماژە بەوە دراوە كە راوێژكاری سەرۆكوەزیرانی عێراق و بریكاری وەزارتی تەندروستیی عێراق سوپاسی هەردوو بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی هەولێر و دهۆكیان كرد لە بەرامبەر بەهاناوەچوونی قوربانییانی رووداوی قەزای حەمدانییە لە پارێزگای مووسڵ و پێشوازیكردن و چارەسەركردنی برینداران و ناردنی هاوكارییەكانی دەرمان و پێداویستی پزیشكی بۆنەخۆشخانەی حەمدانییە.