مستەفا دۆلەمەری – بارزان:
پڕۆژەی ئاوی 51 گوندی دەڤەری بارزان یەكێكە لە پڕۆژە هەرە گرنگەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2013 بەردی بناغەی بۆ دانراوە و ئەم پڕۆژەیە گرنگیەكی زۆری هەیە و بەهۆی ئەم پڕۆژەیە كێشەی كەم ئاوی و تانكەری لە بەشێكی زۆری گوندەكان بە یەكجاری چارەسەر دەبێت.
بەشیر محیەدین، بەڕێوەبەری ناحیەی بارزان، بۆ زاری كرمانجی گوتی: پڕۆژەی ئاوی بارزان لە سنوورەكەمان، یەكێكە لە پڕۆژە هەرە گرنگەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە 21-5-2013 لە لایەن نێچیرڤان بارزانی، كە ئەو كات سەرۆكی حكوومەتی هەرێم بوو بەردی بناغەی بۆ دانراوە و كارەكانیش بەشێوەیەكی باش بەڕێوەچوون و 76%ی پرۆژەكە تەواو كرابوو، بەڵام ئەو كات بەهۆی شەری داعش پڕۆژەكە وەستا، دواتر بە هەوڵی مەلا مستەفا بارزانی و سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران و قایمقامی قەزای مێرگەسۆر، توانرا لە ساڵی ٢٠٢٢ دەست بە پڕۆژەكە بكرێتەوە و ئێستاش لە قۆناغێكی زۆر باشدایە، دەتوانم بڵێم،٩٠% كارەكان تەواو كراون، بە گشتی ئەو پڕۆژەیە گرینگیەكی زۆری هەیە و هیوادارین لە ماوەیەكی نزیكدا تەواو بكرێت و بخرێتە خزمەت هاووڵاتییانی سنووری ناحیەی بارزان، كە كێشەی كەم ئاوی و تانكەری بە یەكجاری لەناوچەكە چارەسەر دەبێت.
غەفور ئەحمەد، قایمقامی قەزای مێرگەسۆر، رایگەیاند: مەلا مستەفا بارزانی، تێبینی كرد كە بەشێكی زۆری گوندەكانی دەڤەری بارزان بە تانكەر ئاویان بۆ دابین دەكرێت و خەڵك كێشەی زۆریان هەیە بۆ دابینكردنی ئاوی پێویست بۆ ژیان و كاروباری رۆژانەیان، بۆیە لە 22-6-2022 دەست بە گفتوگۆكردن كرد لەگەڵ كۆمپانیای جێبەجێكار و وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان كرا دوای حەوت كۆبوونەوە، كۆمپانیای جێبەجێكار لە 1-11-2022 دەستی بە كاركردن كردووە و بەڵێنی دا لە مانگی 8 ی 2024 پڕۆژەكە تەواو بكات و بیخاتە خزمەت دانیشتوانی ناوچەكە تاوەكو گرفتی كەم ئاوی بەیەكجاری چارەسەر بێت.