ئامادەكردنی: منەت زرار
قوناغی سێیەمی بەشی ماتماتیك زانكۆی سۆران
هەر لەسەرەتای درووست بوونی مرۆڤ و مرۆڤایەتی بۆ پێكەوە ژیان و بووژانەوەو بونیاتنان و ئاوەدانكردنەوە بووە، بەڵام بەداخەوە هەر لەسەرەتای لاپەرەی مێژووی مرۆڤایەتی دا بە كوشتارو تاڵانی و وێرانكردن و بڕین نەخشێندراوە.
مرۆڤ كائینێكی زۆر ئاڵۆزە و تێگەیشتن لێی كارێكی ئاسان نییە و پێویستی بە ئەزموون و مەعریفەیەكی زۆر هەیە، بۆیە پەروەردەكردنی مرۆڤ بە قورسترین كار هەژمار دەكرێت، تا ئێستا ئەم كائینە خودایە خۆی بەباشی نەناسیوە و گەورەترین ئامانجیشی لەلای فەیلەسووفان و عاریفان بریتییە لە ناسینی مرۆڤ جا هەر كەسێك خۆی ناسی واتا خودا و حەقیقەتی ناسیوە، چونكە كلیلی كردنەوەی دەرگا داخراوەكانە و ڕێگای گەیشتنە بە مەعشوق و دركردنی حەقیقەتە، بۆیە ناسینی خود دروشمی هەموو كەسێكی هۆشیارە، لەم ڕوانگەیەوە سەرەتای مرۆڤ بوون لە ناسینی خودەوە دەست پێ دەكات، بێگومان گرنگترین بابەت لە فەلسەفە و عیرفاندا بریتییە لە پەروەدەكردنی هزر و گیانی مرۆڤ و گەیاندنی بە كەماڵ، كەواتە ئامانجی ئێمە لە ژیاندا هەوڵدانەبۆ مرۆڤ بوون، زۆرجار ئەم ڕاستیە لەبیر دەكرێت و گرنگی پێ نادرێت، هەر زانستێك ئەگەر مرۆڤ هۆشیار نەكاتەوە سەبارەت بە خود و بەهای خۆی دەبێتە مایەی بەدبەخت بوونی یان گەوجاندنی، بەتایبەت لە سەردەمی ئێستای ئێمەدا خەریكە بابەتی مرۆڤبوون لەبیردەكرێت ئەوەی بیری لێناكرێتاوە تەنها بەهای مرۆڤە،بۆیە هۆشیاری سەبارەت بە خود سەرەتایەك بۆ تێگەیشتن لە گەورەیی مرۆڤ،ناكرێت بە هیچ بیانوویەك ئێمە خۆمان بێ ئاگا بكەین چونكە بێ ئاگایی لەم ڕاستیە دەبێتە جێگای گەوجاندن، لەم ووتارە دا دەمەوێت سەرەتا لەخۆمەوە بۆ خەڵك بەتایبەتی گەیاندنی پەیامێك بۆ خوێنەران و تاكی كوردستانی بۆ گەڕانەوەی بەهاو ڕێز بۆ مرۆڤەكان تا ئاستی ڕاستەقینەی مرۆڤبوون.لەم ڕۆژگارەدا نوێكردنەوەو گرنگی دانی بە بەها جوانەكانی مرۆڤ و گەڕانەوە بۆ مرۆڤبوونی (ئینسانیەت) چارەسەرە بۆ كێشەكانی مرۆڤ ئەگەر بێت و كاریان پێ بكەین ئەم هەموو مرۆڤە خوێنیان نەدەڕژاو شارەكان و گوندەكان و ماڵەكان وێران نەدەكران ئەم نووسینە(ووتارە) هەوڵێكە بۆ گەڕاندنەوەی ئینسانیەت و زیندووكردنەوەی بەهاو ئەرزشی مرۆڤ و مرۆڤایەتی.
بوون و چییەتی مرۆڤ:
-لەڕاستیدا مرۆڤ لەبوون،و چییەتی پێكهاتووە یان لە ڕۆح و جەستە،مرۆڤ سەرەتا (بوون) دواتر(ماهییەت)ی خۆی بوونیات دەنێت و پێناسەیەك دەدات بەخۆی،جا بە هۆشیاری بێ یان بەنا هۆشیاری بێ،
دوو جۆر لە بوون هەیە بوونێكی فیزیكی واتا جەستەی و مەعنەوی(ڕۆحی) كەواتە (بوون) بەهایەكی زۆر گەورەو خوداییە.
بوونی جەستەیی:
مەبەست لە بوونی جەستەیی ئەندامەكانی لەشە كە ئێمە بەهۆی ئەم جەستەیەوە دەتوانین بژین و هەناسە هەڵمژین بۆیە دەبێت بەهای ئەم بوونە بزانین چونكە بەهای مەعنەوی گرێدراوە بەهای جەستەیەوە، واتا ئێمە بوونی جەستەیمان لەپێش بوونی مەعنەویمان دایە،بۆیە دەبێت زۆر وریای ئەم(بوون)ە بین چونكە محاڵە (بوونی مەعنەوی) واتای هەبێت بەبێ (بوونی جەستەیی) یا (فیزیكی) لەم ڕوانگەیەوە لەشفرۆشی و یان فرۆشتنی ئەندامەكانی لەش بەهەموو شێوەیەك پێچەوانەی بەهای بوونی ئینسانیە چونكە نیشانەی بێ ڕێزیە بەرامبەر بە مرۆڤ، ئەو كەسانەی كە بازرگانی بە بوونی مرۆڤەوە دەكەن گەورەترین تاوان ئەنجام دەدەن بەرامبەر بە مرۆڤایەتی و ئەوانەی لەشی خۆیان دەفرۆشن لەپێناو بەدەست هێنانی پارەدا گەورەترین تاوانیان بەرامبەر خۆیان ئەنجام داوە،ناكرێ مرۆڤ ببێتە هۆكارێك و بەكاربهێنرێت بۆ مرۆڤێكی وەك خۆی و وەك خواردن سەیربكرێت، كەواتە دەبێت ڕێزو حورمەتی پارێزراو بێت هەر وەك چۆن خوای گەورە ڕێزی لە مرۆڤ ناوە قال تعال {ولقد كرمنا بنی ٲدم} چونكە هیچ بیانوویەكی لۆژیكی و ئینسانی نیە بۆ بازرگانی كردن بە مرۆڤ، من دەتوانم درك بەو كەسانە بكەم كە هەندێك جار بەهۆی هەژاریەوە لەشفرۆشن، بەبڕوای من ئەم كەسانە ستەم لەخۆیان دەكەن و واباشترە ئارامبگرن و بوونی فیزیكی خۆیان بەم شێوەیە بێ بەها نەكەن،دەزانم هەدێكجار مرۆڤ ناچار دەبێت ئەمە بكات بەڵام من لەم ڕووەوە هیچ ناڵێم،لەم ڕووانگەیەوە مرۆڤ بەهەر جۆرێك بێت دەبێت بوونی فیزیكی خۆی بپارێزێت.
بوونی مەعنەوی:
مەبەست لە (بوونی مەعنەوی)بریتیە لە (چییەتی) مرۆڤ وەك:(بیروباوەڕ،ئازادی،خودایی،جیهان بینی،پاكی و جوانی) ئەمانە هەموو ناخی مرۆڤ پێك دەهێنن، بە بڕوای من لە چییەتیدا (مرۆڤبوون) ڕەنگ دەداتەوەو جەوهەری مرۆڤ بریتیە لە چییەتی و پارێزەری بوونی فیزیكی لە ژیاندا.
مرۆڤ بوون لە ڕوانگەی عیشقەوە:
واتە خۆشەویستی مرۆڤ بێ لەبەرچاو گرتنی ئاین و بیرو ڕایان و ڕێزگرتن لەهەموو جیهانبینیەك لەسەر بنەمای دۆستی و پێكەوە ژیان،دوور لە توندووتیژی یەكتر قبووڵ نەكردن.
مرۆڤبوون لە ڕەفتارو ئاكاردا ڕەنگ دەداتەوە.
جبران خلیل جبران دەڵێت(ڕاستی عەشق بریتیە لە ئاگایی و بێداری، چاوەرووانی و پەی بردن بە نهێنی بوون لە ڕێگای عەشقەوە دەرگا داخراوەكان دەكەنەوە بە ڕووی مرۆڤ تاكو هەموو شتێك وەك خۆی ببینێت) كەواتە عەشق ئەو ڕێبازەیە كە نەوەی ئادەم دەگۆڕێت بە مرۆڤی ڕاستەقینە،چونكە عەشق هاندەرەو پلیكانێكە بۆ گەیشتن بە مرۆڤبوون.
پێویستە سنووری ئەم شەش شتە بپارێزین تا بگەین بە خاڵی مرۆڤبوون.
خۆت لەگەڵ خۆت
خۆت لەگەڵ خودا
خۆت لەگەڵ خەڵك
خۆت لەگەڵ خاك
خۆت لەگەڵ خواردن و خواردنەوە
خۆت لەگەڵ خوێندن و خوێندنەوە
یەكەم / خۆت لەگەڵ خۆت:
ئەگەر هاتوو ئەم چەند پرسیارانەت لەخۆت كرد، ئەوا ڕاستەقینەیی خۆت دەزانی،لەگەڵ پێشخستنی ئەقڵ بۆ هەموو گوفتارو كردارەكان وەك من كەی لەدایك بووم وە بۆچی لەدایك بوومە وە بۆ كوێ دەچین و چیمان كردووە؟ لەم چەند پرسیارانەدا دەگرین بە حەقیقەتی خۆدی خۆت لەگەڵ خۆت.
دووەم / خۆت لەگەڵ خودا:
ئەم پەیوەندیە بەدڵ و بە گیان و بە ڕۆح و كردار بێت، چونكە ئێمەی مرۆڤ درستكروای خوداین، هەموو دروستكراوێكیش خۆشەویستە.بۆیە دەبێت گوێڕایەڵی فەرمان و نێردراوی ئەم زاتە پیرۆزە بین كە خودای باڵادەستە و پێغەمبەری نازدارمان (محمد) درودی خودای لەسەر بێت.
سێیەم/خۆت لەگەڵ خەڵك:
هەر تاكێك لەناو گۆمەڵگا دا یاخود خەڵك بەمانای جیاوازی بیروڕاو ئاین و ڕەنگ وزمان و كلتورو خۆی دوورە پەرێز بكات و پێی قبووڵ نەبێت ئەوا ئەو سنوورەی مرۆڤایەتی نەپاراستووەو زێدەڕەوی تێدا كردووە هەر بۆیەش خۆگونجاندن و پێكەوە ژیان و ئاشتەوایی ئەوپەڕی ئاستی پەروەردە و ڕۆشنبیری گۆمەڵگاكەیان.
چوارەم/خۆت لەگەڵ خاك:
لەگەڵ سەرهەڵدان و دروست بوونی مرۆڤ خاكیش بەشێك بووە لە گرنگی و شوێنی نیشتەجێ بوونی خەڵك، لێرەدا پێویستە خاك بە چاوێكی پیرۆزەوە سەیربكرێت وە دەبێت هەمیشە چۆن بەرگری لە خودی خۆمان بكەین و ئاواش دەبێت خاكمان بەلاوە گرنگ بێت.
هەر شوێنێكی ڕوومان تێ كرد بۆ نیشتەجێبوون و بازرگانی و كاركردن تێداكردن با ڕۆحمان تێكەڵ بەخاك بكەین لە ڕووی پاراستنی ژینگەی گشتی وشكانی و ئاوی و پەرەپێدان بە سەوزایی و ئاوەندانی و ڕاونەكردنی باڵندە و ئاژەڵانی كێوی و هەبوونی پەروەردەی هەستی نەتەوایەتی و خۆشویستنی خاك دەبێت بەلامانەوە گرنگ بێت تا دەگاتە ئەو پەڕی ئاشتی ڕاستەقینەیی مرۆڤبوون.
پێنجەم/خۆت لەگەڵ خواردن و خواردنەوە:
ژەم و پێداویستی هەمیشەی مرۆڤەكانە، تەنانەت هەموو زیندەورەكان بەڵام بەداخەوە لەم ڕۆژگارەدا لەلایەك بۆ خۆ دەرخستن و خۆهەڵكێشان بە خەڵكی كەم دەرامەت سفرەو خوانەكان بڵاودەكرێنەوەو دەی ڕازێنەوە،لەلایەكی تریش هەڕەشە بە برسی كردنی خەڵك دەكەن لەلایەن حزب و دەوڵەت دا .كە ئەمەش دووركەوتنەوەیە لە بەها جوانەكانی مرۆڤ و بڕوانەبوون بە خودای باڵا دەست كە سیفەتی ڕازقی هەیە.
لە یاسایەكی سەربازی بیستوومە كە دەڵێت لەسەری ببڕە، بەڵام نانبڕێ مەكە چونكە ئەو ڕزقەی خودا پێی داوی تەنها هی خۆت نیە ،هی منداڵ و خێزانەكەشتە.
لەیاسایەكی قوڕئانی پیرۆزدە دەفەرمووێت خودای گەورە زیادەڕەوانی خۆشناوێت.
شەشەم/ خۆت لەگەڵ خوێندن و خوێندنەوە:
چۆن گەدە یان جەستە پێویستی بە خواردن و خواردنەوەیە ئەوا ئەقڵیش پێویستی بە خوێندن و خوێندنەوە هەیە هەر بۆیەش خودای گەورە یەكەم شتی پێ سپاردین و فەرمانی پێكردین ئەوە بوو (اقراو) واتە بخوێنە كەواتە خوێندن واجب و ئەركێكی پیرۆزە.هەر كۆمەڵگایەك خوێندن و خوێندنەوەی تێدا زۆر بوو ئەوا دەبێتە وڵاتێكی پێشكەوتوو و ئاوەدان هەر بۆیەش زانایەك دەڵێت (پێم بڵێ چ دەخوێنیت تا پێت بڵێم تۆ كێی؟)
سەرچاوەكان:
- فەلسەفەی مرۆڤ بوون (محەمەد جەودەت عومەر)
- پەیامبەر (جبران خلیل جبران)
- بیروڕای خۆم