” دیار نییە ئەو پاركە دروست دەكرێت یا نە “
زاری كرمانجی – سۆران :
وا بڕیار بوو لە سۆران پاركێكی نیشتیمانی دروست بكرێت، بەرپرسان لە چەندین بۆنە ئاماژەیان پێكردووە، بەڵام تا ئێستا چەندجار جێگۆریكێ بە شوێنی دروستكردنی ئەو پاركە كراوە.
بەپێی بەدواداچوونەكانی زاری كرمانجی پڕۆژەی دروستكردنی پاركێك نیشتیمانی لە سۆران یەكێك بووە لە پڕۆژە ستراتیژییەكان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بەڵام تا ئێستا دیار نییە كەی ئەو پاركە دروست دەكرێت.
بەرپرسێك لە شارەوانی سۆران لەمبارەوە بە زاری كرمانجی گووت ” چەند جارێك شوێنی دروستكردنی ئەو پاركە گۆڕدراوە، دواجار لەنزیك كاولۆكان لە سنووری قەزای رواندز شوێنێك دیار كرا بۆ ئەو پاركە، بەڵام نەگونجانی خاكی شوێنەكە بۆ چاندنی دارو سەوزایی لەوێش پەشیمان بوونەتەوە، بۆیە تا ئێستا بەفەرمی دیار نییە ئەو پاركە دروست دەكرێت یان نا”.
بە پێی ئەو دیزاینەی كراوە بۆ ئەو پاركە، پڕۆژەیەكی گرنگ و هاوچەرخ دەبێت گەر بكەوێتەوارێ جێبەجێ كردن.