زاری كرمانجی-سیدەكان
بە پێی زانیارییەكانی زاری كرمانجی لە كێلگە مینی سپیندارۆك لە سنووری قەزای سیدەكان، تا ئێستا 30 كەس بەر مین كەوتوون، لەم رێژەیەدا 11 كەس گیانیان لەدەستداوە ئەوانی دیكەش كەمئەندام بوونە.
لەمبارەوە عەلی عەبدوڵڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتی كاروباری مینی هەولێر، بە زاری كرمانجی گووت ” كێلگە مینی سپیندارۆك بەشێكی دەكەوێتە سنوری گوندی ژیلیا و بەشێكیتری دەكەوێتە سنوری گوندی بۆزان لەسنووری قەزای سیدەكان، روبەرەكەی گشتی كێڵگەكە 299 هەزار و 253 مەتر دوجایە، لەم رێژەیەدا، زیاتر لە 115 هەزار مەتر دوجای لێ پاككراوەتەوە و تا ئێستا 356 مین و پاشماوەی تەقەمەنیی جەنگی تێدا دۆزراونەتەوە و لەناوناوبردراون، دوای پرۆسەی دڵنیابوونەوە و سامپلكردن بەپێی رێكاری تەكنیكی ئەو بەشە پاككراوە رادەستی خاوەنەكانیان دەكرێتەوە”.
گووتیشی: ” بەپێی زانیارییەكان تا ئێستا 30 كەس لەو كێڵگەیە بەر مین و تەقەمەنی كەوتوون، لەم رێژەیەدا 11 كەس گیانیان لەدەستداوە ئەوانی دیكەش كەمئەندام بوونە، بەتایبەتیش خەڵكی گوندی ژیلیا و دەروبەری بوونه.