زاری كرمانجی-سۆران :
سێسەد كەس لە دەرچووانی بەشە پزیشكییەكان كە لە رێگەی پڕكردنەوەی فۆڕمی ئۆنڵاین داوكاری دامەزراندنیان پێشكەش كردبوو، بەم نزیكانە ناوەكانیان ئاشكرا دەكرێت.
د. دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر راگەیاند “لە ماوەی رابردوو نزیكەی پێنج هەزار كەس لە دەرچووانی بەشە پزیشكییەكان، لە رێگەی فۆڕمی ئۆنڵاین، داواكاریی دامەزراندن بە گرێبەستیان پڕ كردبووە و لە ئێستادا جیاكردنەوەی ناوەكان كۆتایی هاتووە و بەم نزیكانە ناوەكانیان رادەگەیەندرێن.”
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر ئاشكراشی دەكات لە كۆی ئەو رێژەیە تەنیا 300 كەس دادەمەزرێن كە بۆ هەر پاریزگایەك 100 كەسە (هەولێر و سلێمانی و دهۆك)، بەشی هەولێر بۆ نەخۆشخانەی بەحركەیە .
دكتۆر دلۆڤان ئەوەش دەڵێ “ئەو 300 كەسە دەبێت دەرچووی یەكێك لە بەشە تەندروستییەكان بن و هەروەها لە یەك خێزان تەنیا یەك كەس مافی دامەزراندنی هەیە و دەرچووانی خوێندنی ساڵی 2022 – 2023 مافیان لەو دامەزراندنە نییە.”
دەشڵێت “نەخۆشخانەی بەحركە بۆ نەخۆشییەكانی هەناو كراوەتەوە و پزیشك و كارمەندی پسپۆر و ئامێری پێویستیشی تێدایە بۆ چارەسەركردنی هاووڵاتییان، جگە لەو پزیشك و كارمەندانەی ئێستا تێیدا كار دەكەن، ئەو 100 كەسەیش كە بە گرێبەست دادەمەزرێن، لەوێ كار دەكەن.”