د. ئازا – زاری كرمانجی:
چی بكەین بۆ ئەوەی منداڵەكانمان باڵایەكی ڕێك و تەندروستیان هەبێت، ئەو خۆراكە بەسوودانە چین كە باشترینن بۆ خواردن ؟
باڵا لە مرۆڤ شتێكی زۆر گرینگە بە تایبەت ئەگەر بە شێوەیەكی ڕێك و تەندروست بێت، بێگومان زۆر فاكتەر هەن كە كاریگەری ڕاستەوخۆیان هەیە لەسەر باڵا وەك هۆكارە بۆماوەییەكان یاخود دەرمان و هەندێك نەخۆشی و لایەنی دەروونی و كۆمەڵایەتی، بەڵام لە هەمان كاتدا هەندێ فاكتەری تر هەن كە دایكان و باوكان دەتوانن یارمەتیدەربن لە درێژ بوون و لەش ڕێكی منداڵەكانیان، كە ئەمەش لەم ڕۆژەوە دەست پێ دەكات كە منداڵ لە دایك دەبێت و چاوی بە دونیا هەڵدێنێت تاوەكو تەمەنی ١٨ ساڵی، بۆ نمونە لە ڕووی جۆری خۆراك، ژینگەیەكی تەندروست و سەلامەت، و چۆنیەتی ژیانی ڕۆژانەی منداڵ لەم سەردەمەی پێشكەوتن و تەكنەلۆجیادا.
ئاشكرایە بەر لە ١٥٠ ساڵ مرۆڤ بە گشتی و بە تایبەت ئەورووپیەكان باڵایان بەم ئاستەی ئەم سەردەمە درێژ نەبوو، بەڵام لەگەڵ پێشكەوتن و باشتر بوونی بواری تەندروستی و زانینی بەهای خۆراكەكان وردە وردە گۆڕانكاری بەسەر باڵایان هات و بەرەو درێژتر چوون.
لە توێژینەوەیەكی بەریتانی دا دەریدەخات كە تێكڕای باڵای پیاوێكی ئەوروپی بە ڕێژەی 11 سانتیمەتر بەرزبووەتەوە بە بەراورد بە سەرەتای ساڵانی 1870 بۆ 1980، كە ئەمەش هۆكارەكەی زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ باشتربوونی بەرچاوی دۆخی تەندروستیی و بەرزی كوالێتی خۆراكەكان، چونكە زۆرجار خۆراكی لاواز لەوانەیە هۆكارێك بێت بۆ گەشەكردنی هێواش، سەرەنجام دەبێتە هۆی كورتبوونی باڵا، بۆیە پێویستە بزانین كە خۆراكی هاوسەنگ و وەرزش بە پلان و بەردەوام، گرنگن بۆ گەشەكردن و گەیشتن بە بەرزی ئاسایی بەتایبەتی لە ماوەی منداڵی و هەرزەكاریدا، و هەموو ئەو پێكهاتانەی وەك پڕۆتین و كانزا و ڤیتامین و كالسیۆم كە لە خۆراك دەستمان دەكەوێت بە سوودە بۆ دروستكردنی ماسولكەكان و ئێسك و گەشە كردنی لەشی مرۆڤ بە گشتی.
لێرەدا دەمەوێت باسی هەندێك لەم خۆراكانە بكەم كە بە سوودن بە منداڵان بدرێت كە دەبێتە هۆی ئەوەی بەرزی باڵا زیاد بكات:
- خۆراكە پاقلەمەنییەكان و گەنمییەكان:
وەك فاسولیا، نیسك، نۆك و پاقلە و نان و بەرهەمە گەنمییەكان كە سەرچاوەیەكی گرنگی خۆراكن، بەتایبەتی پڕۆتین، و هەروەها ئاستی هۆكارەكانی گەشەكردن بەرز دەكاتەوە هاوشێوەی ئەنسۆلین IGF-1 كە یەكێكە لە هۆرمۆنە پێویستەكانی گەشەكردن بۆ منداڵان، سەرەڕای ئەوەش، بڕێكی باشی ڤیتامین B و ئاسنی تێدایە كە یارمەتی ڕێگریكردن لە كەم خوێنی دەكات، چونكە كەم خوێنی لەوانەیە ببێتە هۆی دواكەوتنی گەشەكردن لە منداڵاندا.
-گۆشتی مریشك:
ئەمەش سەرچاوەیەكی باشی پڕۆتینە و دەوڵەمەندە بە ڤیتامین B12 ، كە زۆر گرنگە بۆ گەشەكردن، چونكە كەمی ڤیتامین B12 لە لەشدا لەوانەیە ببێتە هۆی گەشەكردنێكی خراپ،و هەروەها مریشك ترشی تورین (Turine) تێدایە كە ترشێكی ئەمینیەیە كە زیاتر ڕێكخستن و دروستبوونی ئێسك و خێرا دەكات.
-هێلەكە:
شتێكی باشە كە دەتوانین بە ئاسانی دەستمان بگات بە هێلكە بە نرخێكی گونجاو، بەڵام هێلكە لەم خۆراكانەیە كە بڕێكی زۆر لە پڕۆتین و ڤیتامین D و ڤیتامین B2 و كالسیۆمی تێدایە، كە هۆكاری كاریگەرن لە دروستكردنی ئێسك و گەشەكردن و هێلكە ڕێژەیەكی بەرزی ترشی ئۆمیگا ۳ی تێدایە كە یارمەتی گەشەكردنی مێشك دەدات و ئەگەر بكرێت بڕەخسێت پێویستە منداڵ ڕۆژانە دوو هێلكە بخوات.
-چەرەزات:
ئەم جۆرە خۆراكانە هۆڕمۆنەكانی گەشەكردن هاندەدات، بۆ نموونە، كە یارمەتی لەش دەدات شانە نوێیەكان دروست بكات و ڕێژەی گەشەی لەش زیاد بكات.
-سەوزەو میوە:
جەستە ڕۆژانە پێویستی بە سەوزە و میوەی زۆر هەیە بۆ پاراستنی تەندروستییەكی باش، كە یارمەتی گەشەكردن دەدات بەهۆی ڕێژەیەكی زۆر لە ڤیتامین A و بۆیە پێویستە منداڵ ڕۆژانە بڕێكی زۆر لە هەنجیر و پاپایا و گوێز و پەتاتەی شیرین بخوات بۆ ئەوەی بتوانن گەشە بكەن و هەروەها پرتەقاڵ و تەماتە و بیبەری شیرین بڕێكی زۆر ڤیتامین Cیان تێدایە بۆیە پێویستە ڕۆژانە چەندین جار منداڵ میوە و سەوزە بخوات.
-گۆشتی ماسی:
خواردنی ماسی زۆر بە سوودە بە شێوەیەكی گشتی بە تایبەت هەندێك جۆری ماسی لەوانە سالمۆن، كە جۆرێكی ماسییە بە چەوری دەوڵەمەندە و بە ترشی ئۆمیگا ۳ كە یەكێكە لە چەورییە تەندروستەكان كە پێویستە بۆ گەشەكردنی ئێسك و هەروەها سالمۆن دەوڵەمەندە بە پڕۆتین، ڤیتامین B، سیلینیۆم و پۆتاسیۆم.
-شیر و بەروبوومە شیرییەكان:
شیر و بەروبوومە شییریەكان خۆراكی دەوڵەمەندن بە پڕۆتین، كالسیۆم، فۆسفۆر، ڤیتامین B2، B12 و پرۆبایۆتیكی تێدایە، كە بەكتریای بەسوودن تەندروستی جەستە بەهێز دەكەن
جگە لە بەرهەمە خۆراكییەكان هەندێ فاكتەری تر هەن دەبێت لەبەر چاویان بگرین ونابێت لەیادیان بكەین كە ئەمانەش كاریگەریان هەیە لەسەر باڵای منداڵ:
-خەوی پێویست: خەوتن گەشەی منداڵان و هەرزەكاران خێراتر دەكات، چونكە لە كاتی خەوی قووڵدا جەستە ئەو هۆڕمۆنانە دەردەدات كە پێویستە بۆ گەشەكردن، بۆیە خەوتنی ڕێك و تەندروست ڕێگە بە گەشەی باشتر دەدات.
-وەرزشكردن و یارییە چێژبەخشەكان : وەرزش گەشەی جەستەی ئاسایی بەهێز دەكات، چونكە یارییە چێژبەخشەكان لە دەرەوە یان بەشداریكردن لە وەرزش دەتوانێت ئێسكەكان تەندروستتر و بەهێزتر و چڕتر بكات.
-خۆ بەدوورگرتن و دووركەوتنەوە لە خۆراكە خێراكان و خواردنەوە گازییەكان و كێك و خۆراكە پڕ لە شەكرەكان.