زاری كرمانجی – سۆران :
درهنگانی شەوی رابردوو لە قەزای حەمەدانیەی سەر بە پارێزگای نەینەوا، ئاگر لە هۆڵێكی ئاهەنگگێڕان كەوتەوەو بەو هۆیەوە زیانی گیانی و ماددی گەورەی لێكەتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 27ـی ئەیلوولی 2023، دكتۆر بەشار جادر، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی نەینەوا دواین ئاماری قوڕبانیانی نێو هۆڵەكەی راگەیاند و گووتی “115 كەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 200 كەسی تریش برینداربوون.”
هەروەها عەقید سەعد حەماد، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی نەینەوا هۆكاری ئاگركەوتنەوەكەی بۆ دەزگاكانی راگەیاندن ئاشكرا كرد و گووتی “یاریی ئاگرین، هۆكاری ئاگر كەوتنەوەكە بووە، چونكە هۆڵەكە لە ساندویچ پەنێڵ دروستكراوە و بە ماوەی تەنیا دوو خولەك ئاگرەكە پەرەی سەندووە.”
هاوكات نووسینگەی راگەیاندنی پارێزگاری نەینەوا لە راگەیاندراوێكدا بۆ ماوەی یەك هەفتە ماتەمینی سەرتاسەری لە شارەكەدا راگەیاند.
قەزای حەمدانیە زۆربەی دانیشتووانی كریستیانن و ئاهەنگەی بووك گواستنەوەكەش ئی خێزانێكی كریستیان بووە، پێشتر راگەیندرا كە هەردوو هاوسەرەكە (حەنین ریاز 17 ساڵ و ئیرڤان ئیشۆ گەحكەی تەمەن 28 ساڵ) گیانیان لە دەستداوە بەڵام بەپێی هەندێ لە سەرچاوەكان بووك و زاوا لە ژیاندا ماون و تەنیا بریندار بوونە.




