زاری كرمانجی-خەلیفان
ئەمساڵ چەند گەنجێكی خۆبەخشی سنووری قەزای خەلیفان، خۆبەخشانە هەستاون بە درووستكردنی تابووت بۆ گۆڕی مردووەكان، دواتر ئەو تابوتانە بە گۆڕستانەكان دەبەخشن.
لەمبارەوە ئەحمەد جەعفەر، سەرپەرشتیاری ئەم گەنجە خۆبەخشانە، بەزاری كرمانجی گووت: ” ماوەی چەند مانگێكە لەگەڵ چەند گەنجێكی خۆبەخشی سنووری قەزای خەلیفان،، هەستاوین بە درووستكردنی تابووتی گۆڕی مردووەكان، شوێنەكەشمان لە دەروازەی گەڵی عەلی بەگ لە سنووری قەزای خەلیفان، كە تائێستا زیاتر لە 5000 تابوتمان بە خۆبەخشی بەبێ بەرامبەر درووست كردوون”.
ئاماژەی بەوەشدا ” رۆژانە خەڵكانێك داوای ئەم تابوتانەمان لێدەكەن بۆ گۆڕستانەكانیان، لە سنووری حاجی ئۆمەران تا ئیدارەی سۆران و هەریر و شەقڵاوە، ئێمەش بەپێی بەرنامەیەكی گونجاو بۆیان دروست دەكەین و ئاگاداریان دەكەینەوە خۆیان دێن تابووتەكان دەبەن”.
ئاشكراشی كرد: ” هەرچەندە ئێمە وەك كۆمەڵە گەنجێك بە خۆبەخشی ئەم كارە ئەنجام دەدەین، بەڵام ئەمەش پێویستی بە خەرج و دارایی هەیە، ئەوەی جێگەی دەستخۆشیە خێرخوازان بە بەردەوامی مەواد و شیش و چیمەنتۆمان بۆ دابین دەكەن بۆ ئەم كارە.