عەبدولڵا تاریق
ئەگەر هەژماری زانكۆكانی هەرێمی كوردستان بكەین، دەبینین (١٨) زانكۆی میری و (١٨) زانكۆی تایبەت هەیە، ئەمە جگە لە (١٢) پەیمانگەی تایبەت. بە گشتی زانكۆكان لە كابینەی (٩)یەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاستی كوالێتی خوێندنیان بەرزكراوەتەوە، بەراورد بە ساڵانی رابردوو، خۆشبەختانە ئێستا زانكۆكانی كوردستان لە ڕیزبەندی جیهانیدا زۆر هاتوونەتە پێشەوە.
لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان بەگشتی دوو شێوازی خوێندنی جیاوازمان هەیە، بەشێكیان بەشێوازی تیۆری دەخوێنن، ئەوانە زیاتر گرنگی بە خوێندنی تیۆری دەدەن و بەشێكیتری زانكۆكان خوێندن تیایاندا زیاتر پراكتیكیە، بۆ نموونە زانكۆ پۆلیتەكنیكییەكان، كە لەو زانكۆیانە هەوڵدەدرێت قوتابیان بەشێوازی پراكتیكی و كردەیی وانەكان بخوێنن و زۆرترین كاتی وانەكان بۆ بواری كردەیی و پراكتیكی تەرخانكراوە، بۆ ئەمەش پێویستیان بە تاقیگەی پێشكەوتووە، كە تێچووی زۆری دەوێت، ئەگەر چی تاقیگەی گرنگ و پێشكەوتوومان هەیە بۆ خزمەتی ئەم بوارە، بەڵام هێشتا پێیوستمان بە زیاتر و پێشكەوتووتر هەیە، چونكە ساڵ بە ساڵ زانست و زانیاری بەرەو پێشتر و ژمارەی قوتابیش بەرەو زیاتر دەچێت.
زانكۆكان جگە لە پۆلیتەكنیكییەكان زیاتر گرنگی بە خوێندنی تیۆری دەدەن و وانەكان لە كلاس دەخوێنرێ و ڕێژەیەكی كەمتر وانەكان بە شێوازی پراكتیكی پراكتیزە دەكرێن، ئەمەش لەبنەڕەتدا سروشتی جۆری خوێندن و زانكۆكە وایە، سروشتی هەندێ زانكۆش وایە، كە وانە تیۆریەكان دەخوێنن، لە تاقیگەش ڕاهێنانیان پێدەكرێت، ئەمەش گرنگیەكی زۆری هەیە، چونكە ئەم جۆرە خوێندنە خوێندنەكی سەردەمیانەیە و قوتابی ئامادە دەكات بتوانیت لە بازاری كاردا باشتر كار بكات.
كام جۆر لە زانكۆكان باشن بۆ خوێندن؟
هەر یەكەیان سیستەمی خوێندن و سروشتی خوێندنی خۆیان بە باشتر ناو دەبەن، بۆ نمونە ئەو زانكۆیانەی خوێندنیان كلاسیكە، بەڵگەی ئەوە دەهێنەوە، كە لایەنی تیۆریان بەهێزترە و لە داهاتوودا ئەوان سەركەوتوتر دەبن لە خوێندنی (ماستەر و دكتۆرا)، بۆ خوێندنی باڵا، چونكە هەندێ بوار زیاتر تیۆریە بۆیە ئەم تیۆری بوونە ڕۆڵی زیاتر دەبینیت.
ئەو زانكۆیانەش، كە مۆدێرنن و خوێندنیان زیاتر پراكتیكیە، خۆیان بە باشتر دەزانن. ڕاستە مێژوویەكی درێژ و كۆنیان نیە وەك زانكۆكانی تر، بەڵام رۆڵێكی گرنگیان هەیە و لە هەندێ وڵاتان بەشێوەیەك پێشكەوتوون، كە پێشی زانكۆكانی تر كەووتون لە داهێنان و زانستدا، چونكە لەگەڵ بازاڕی كاردا دەڕۆن و قوتابیان ڕاهێنانیان پێدەكرێت و ئامادە دەكرێن بۆ ئەوەی هەر كاتێك خوێندنی تەواو بوو لە بازاڕی كاردا دەتوانن كار بكەن، چونكە قوتابیەكانیان چالاك و پر ئەزموونن لەو بوارەی، كە خوێندویانە و كار و بازاڕ بەلایانەوە نامۆ نییە.
بۆیە بەشێوەیەكی گشتی لەم دوو جۆرە زانكۆیە هەردووكیان گرنگ و پێویستن لە جیهان. لە هەرێمی كوردستانیش هەردوو جۆر و شێوازی خوێندن گرینگیان پێ دەدرێت، بۆ ئەوەی هەر یەكێكیان ڕۆڵی خۆی ببینێت لە بەرەو پێشچوونی زانست و هەر یەكەیان بە شێواز و ڕێگەی خۆی كار بكات بۆ پێشخستنی وڵات.