مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی:
بانكی ناوەندی عێراق رایگەیاند ساڵی داهاتوو سەرجەم مامەڵە بازرگانییە ناوخۆیی و مامەڵەكانی دیكە بە دراوی عێراقی دەكات و بەكارهێنانی دۆلار سنووردار دەكەن.
ئەمڕۆ دووشەممە 25ـی ئەیلولی 2023، عەلی عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق رایگەیاند كە لە چەند مانگی داهاتوو مامەڵەی بارزگانی لە بڕی دۆلار بە دیناری عێراقی دەكرێت و دەشڵێت “ساڵی داهاتوو بانكی ناوەندی دەست لە حەواڵەی دەرەكی هەڵدەگرێت، لە بری ئەوە پشت بە بانكە مۆڵەت پێدراوە ناوخۆییەكان دەبەسترێت، واتە كاری حەواڵەی دەرەكی دەسپێردرێت بەوان.”
عەلاق ئاشكرای دەكات كە ئەو بڕیارە بە هاوبەشی لە نێوان بانكی ناوەندی عێراق و بانكی فیدڕاڵی ئەمریكا دراوە و ئەوەش دەڵێ “لە ئێستادا لە هەوڵ داین بۆ كردنەوەی كەناڵی بانكی كە تێیدا مامەڵە بە دراوەكانی وەك، درهەمی ئیماڕاتی، لیرەی توركی، روپیەی هیندی و یۆرۆ بكرێت.”
راشگەیاند ساڵی داهاتوو سەرجەم مامەڵە بازرگانییە ناوخۆییەكان و ئەوانی دیكەش بە دۆلار قەدەخە دەكرێت، تەنها دینار بەكاردەهێنرێت، بەڵام فرۆشتنی دۆلار بە گەشتیاران بەردەوام دەبێت.
هاوكات برایان نیلسۆن، یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریكا دوای كۆبونەوەی لەگەڵ سوودانی رایگەیاند كە دەبێت بانكی ناوەندی عێراق چارەسەری ئەو مەترسیانە بكات كە لە ئەنجامی خراپ بەكارهێنانی دۆلار لە بانكە بازرگانییەكانی عێراقدا دروست بوون و بەردەوامیان هەیە.