ڕائیب زراری
ڕیفراندۆم تاكە میكانیزمە بۆ زانینی ویست و ئیرادە و خواستی هەر میللەتێك، لە ڕووی ئەخلاقی و یاساییەوە خەڵكی كوردستان مافی خۆیەتی داوای دەوڵەتی سەربەخۆ بكات، بەڵام ئەوەی ڕێگرە لە بەردەم سەربەخۆیی گەلی كوردستان، بەرژەوەندی و سیاسەتی ناوچەیی و نێودەوڵەتییە، كە دەرفەتیان نەداوە گەلی ئێمە بەو مافەی خۆی شاد ببێت.
ڕۆژی 7ی 6ی ساڵی 2017 ئەو ڕۆژە بوو كە لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم بە سەرپەرشتی سەرۆك بارزانی وادەی كردنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان دەستنیشان كرا و ڕۆژی 25ی ئەیلوولی ساڵی 2017 وەكو ڕۆژی بڕیاردان لەسەر چارەنووسی گەلی كوردستان دیاری كرا.
بڕیاری كردنی ڕیفراندۆم، بڕیارێكی حەكیمانە بوو بە ڕابەرایەتیی سەرۆك بارزانی و سەرۆكیش بە ئەركی پیرۆزی نەتەوەیی هەڵسا، كە بۆ یەكەم جار لە كەشێكی دیموكراسیانەدا توانی گەلی كوردستان بهێنیتە سەر هێڵ و بڵێت، ئێمە داوای مافی شەرعیی خۆمان دەكەین.
پرسی سەربەخۆیی كوردستان، پرسێكی مێژوویی كوردە و لە دێرزەمانەوە كورد هەوڵی بۆ داوە، داوای سەربەخۆیی و مافی چارەی خۆنووسینی لە دەوڵەتی عێراق كردووە، ڕیفراندۆم لە دڵی هەر تاكێكی كورددا واتای سەربەخۆیی و بوونی دەوڵەتی كوردستانە.
سەرۆك بارزانی، ئەو كات سەرۆكی هەرێمی كوردستان بوو، بەڵام هەر خۆی بە پێشمەرگەی ڕێگای ڕزگاریی و سەربەخۆیی كوردستان دەزانی، ئەركێكی قورسی بەڕێوەدەبرد، ڕۆژانە چەندین شاندی ناوخۆیی و دەرەوەی دەبینی و فشاری زۆریان دەخستەسەری تا لەو بڕیارە پاشگەزبێتەوە، لە هەمان كاتیشدا سەرقافڵەی بانگەشەكارانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان بوو، ئەو نەك ئەوكاتە، تەنانەت لە دوایین دیداری پێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەگەڵ كەناڵی جەزیرەی قەتەری كە شەوی 23/9/2018 بڵاوكرایەوە گوتی: هەر سوورم لەسەر ئەوەی گەلەكەم مافی بڕیاردان و دیاریكردنی چارەنووسی خۆی هەیە.
سەرۆك بارزانی لە گوتارەكانی بانگەشەی ڕیفراندۆم و لەو دیدارانەشی میدیا ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان لەگەڵیان ئەنجام دەدا دەیگوت: ڕیفراندۆم مافێكی ڕەوای گەلی كوردستانە، مافێكی ئاسایی و یاسایی و دەستووری گەلی كوردستانە. پێشێلكردنی دەستوور، تەوافوق، شەراكەت و نانبڕینی خەڵكی كوردستان بوو، كە هانی گەلی كوردستانیدا، ڕیفراندۆم ئەنجام بدات، ئەگەر دەستوور جێبەجێ كرابایە هەرگیز عێراق بەو ڕۆژەی ئێستا نەدەگەییشت.
سەرچاوەی كێشەكانی كوردستان ڕیفراندۆم نییە، بەڵكو ڕیفراندۆم دەرئەنجامی پێشێلكردنی دەستوور و پەشیمانبوونەوە لە بنەماكانی عێراقی نوێ و گەڕانەوە بۆ ڕەفتاری بەعس ئاسای دەسەڵاتدارانی تازەی عێراق بوو كە وازیان لە بنەماكانی شەراكەت و تەوافوق و تەوازن هێنابوو. ئەگەر خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر نەبووایە، ئێستا خاوەن دەوڵەتی خۆمان دەبووین و بەو مافانە دەگەیشتین كە زیاتر لە 100 ساڵە گەلی كوردستان قوربانی بۆ دەدات.
ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان، كە سەرۆك بارزانی ڕێبەرایەتی و جەختی لەسەر ئەنجامدانی دەكردەوە، ڕووداو و شۆڕشێكی گەورەی نەتەوەیی بوو لە مێژووی گەلی كوردستان، ساڵیادی ڕیفراندومی سەربەخۆی كوردستان بەرز و پیرۆز بێت لە جەنابی سەرۆك بارزانی و سەرجەم سەربەخۆخوازانی كوردستان.