زاری كرمانجی-سۆران :
پڕۆژەی گەشانەوە، كە لەلایەن وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتییەوە سەرپەرشتی دەكرێت، قەرز تا 150 ملیۆن دینار دەدات بەو بزنس و خاوەنكارانەی كە خوازیارن كارەكانیان فراوان بكەن. ئێستا خاوەنكاران دەتوانن لە رێگەی پۆرتاڵێكی ئۆنلاینەوە رێنماییەكانی داواكاری قەرز ببینن، بۆ ئەو مەبەستە داواكارییەكانیان پێشكەش بكەن.
حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پڕۆژەی گەشانەوە(پێدانی قەرزە بچووك) دوو ئامانجی هەیە. یەكەم؛ هاندانی بانكە تایبەتەكان بۆ پێشكەشكردنی پشتگیریی دارایی تایبەت بەكاری بچووك و مامناوەند. دووەم؛ نیشاندانی كاری بچووك و مامناوەند كە چۆن دەتوانن قەرز لە بانكە تایبەتەكانەوە بەكاربهێنن بۆ فراوانكردنی كارەكانیان.
ئەمڕۆ دووشەممە 25ـی ئەیلوولی 2023، لە دەستپێكی پرۆژەكەدا، وەك تاقیكاری قەرز بە 25 پرۆژە دەدرێت و لە كاتی سەركەوتنی پرۆژەكەش قەرزەكان فراوان دەكرێن بۆ خزمەتكردنی پرۆژەی زیاتر.
بەپێی راگەیەندراوی پرۆژەكە، هەر یەك لە پرۆژە بچووك و مامناوەندە سوودمەندبووەكان، بە لایەنی زۆرەوە 36 مانگیان هەیە قەرزەكانیان بدەنەوە. بە رسوماتی كارگێڕی سەدا دوو و بەبێ داواكردنی هیچ بارمتەیەك (رەهن) لەسەر قەرزەكان. قەرزەكان لە لایەن (بانكی جیهان)ـەوە دابین دەكرێن كە هاوكارێكی پڕۆژەكەیە و بزنسە بەشداربووەكانیش سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی راوێژی تایبەتەوە لە لایەن شارەزای ناوخۆیی و بیانیەكانی رێكخڕاوی كارسازی هاوبەش (Top Mountain) بۆ باشتر بەڕێوەبردنی كارە بازرگانییەكانی سوودمەندبووانی پڕۆژەكە. هەروەها سوودمەندبووان هاوكاری دەكرێن بۆ كردنەوەی هەژماری بازرگانی بانكی.
پێوارەكانی شایستەبوون بۆ وەرگرتنی قەرز :
1ـ پێویستە هاووڵاتی كوردستانی بێت و تەمەنی لەنێوان 21 بۆ 60 ساڵدا بێت.
2ـ نابێت لە هیچ دەزگایەكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دامەزراوبێت.
3ـ پێویستە لەكاتی پێشكەشكردنی داواكارییەكەدا، بزنسەكە لانیكەم 12 مانگ كاری كردبێت.
4ـ دەبێت شوێنی بزنسەكە هەرێمی كوردستان بێت.
5ـ پێویستە بزنسەكەت كەمتر لە 100 كارمەندی هەبێت.
6ـ دەبێت كارەكەت لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تۆماركردنی كۆمپانیاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان تۆمار كرابێت و ژمارەی كەسیی بێ هاوتا (UPN) و ژمارەی بازرگانیی بێهاوتا (UEN) هەبێت
7ـ ئەگەر بزنسە كشتووكاڵیەكەت لە بەڕێوبەرایەتی گشتی تۆماركردنی كۆمپانیاكان تۆمار نەكراوە، ئەوا پێویستە ژمارەی كەسیی بێ هاوتا (UPN) بەدەست بهێنیت بۆ پێشكەشكردنی داواكاری.
8ـ تەنها یەكجار دەتوانیت داواكاری پێشكەش بكەیت.