زاری كرمانجی-سۆران:
بە ئامادەبوونی مهسرور بارزانی، سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان، پڕۆژەی گەشانەوە ڕاگەیهندرا.
كاتژمێر 10ی بهیانی ئهمڕۆ دووشهم 25ی9ی2023، بە ئامادەبوونی (مەسرور بارزانی)، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان, پڕۆژەی ( گەشانەوە) ڕاگەیهندرا.
له مهڕاسیمهكهدا، مهسرور بارزانی سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان گوتارێكی پێشكهش كرد و رایگهیاند، پرۆژهی گهشانهوه بهشێكه له پڕۆژهكانی حكومهتی ههرێم، بزنسی بچووك 50%ی جموجۆلێ بازرگانی له ههرێمی كوردستان پێكدههێنێت، گرنگییهكی زۆرمان به بههێزكردنی سیستهمی بانكی داوه.
سهرۆكی حكومهت گوتیشی، ئهمڕۆ بۆ ئێمه رۆژێكی مێژووییه، ههندێك كهس هێشتا پێیان وایه دهبێ خهڵكی كوردستان سزا بدرێت، ههمیشه ههوڵمان داوه بهشێوهیهكی ئاشتیانه پێكهوه بژین، پابهندبوونمان بهعێراق، به برسیكردن دروست نابێت، پێویسته ههموو گهلانی عێراق یهكسان بن، ئێستا لهعێراق كهشێكی ئهرێنی بۆ ئازادی و دیموكراسی دروست بووه.
دەقی وتاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
بەڕێزان ئامادەبووانی هێژا زۆر بەخێربێن
سوپاسی ئامادەبوونی هەمووتان دەکەم، زۆر خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوە پێکەوە لێرەین بۆ راگەیاندنی ئەو پڕۆژە گرنگە، لە هەمانکاتدا ئەمڕۆ بۆ ئێمە رۆژێکی مێژووییە، یادی رۆژی سەرکەوتنی ئیرادەی خەڵکی کوردستانە، بەرامبەر بەو ستەم و نادادپەروەرییەی کە دەرحەق بە خەڵکی ئێمە دەکرا، کە بەداخەوە تاکو ئێستاش ئاسەواری ئەو نادادپەروەریییە ماوە و هێشتاش هەندێک کەس و لایەن هەن کە پێیان وایە دەبێ خەڵکی کوردستان تەنیا بۆ دەربڕینی ئارەزووی مافێک دەبێت سزا بدرێت، ئەو مافەی کە هەموو نەتەوەکان بۆ خۆیان بە سرووشتی دەزانن، بەڵام تەنیا ئارەزووکردنیشی بۆ خەڵکی کوردستان بە حەرام دەزانن.
ئێمە هەمیشە هەوڵی ئەوەمانداوە پێکەوە بە ئاشتیانە بژین، هەموو هەوڵ و تەقەلای ئێمە بۆ ئەوە بووە خەڵکی ئێمە سەربەرزانە بە ئازادی بژیت، ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر ئەم نەریتە ئەم رەوتە لەسەر ئەم رێبازە کە رێز لە هەموو نەتەوەکان بگرین و پێکەوە بتوانین وڵاتێکی خۆشتر و باشتر ئاوەدان بکەین.
لە سەردانم دا بۆ بەغدا پێش چەند رۆژێک، بەڕێزێک پرسیارێکی لێکردم گوتی: ئێوە پابەندن بە عێراق؟ منیش گوتم لەسەر رەفتاری ئێوە دەمێنێتەوە، پابەندبوون یان وەلاو بۆ وڵاتێک بە ترساندن و تۆقاندن بە سیاسەتی رق و کینە و نادادپەروەری بە برسیکردن دروست نابێت، پێویستە پابەندی یان وەلاو بۆ وڵات لەسەر بنچینەی ئەوە بێت کە یەکسانی و دادپەروەری و خۆشەویستی ببن بە بنەمای بەیەکەوەژیان لە وڵاتێکدا، ئێمە داکۆکی لەسەر ئەو بنەمایە دەکەینەوە کە پیویستە هەموو گەلانی عێراق پێکەوە یەکسان بن و دادپەروەری بەرقرار بێت، سیاسەتی گەشەکردن یان پێشکەوتنی ناوچەیەک لە ناوچەیەکی دیکە بە سەرکەوتن حیساب بکرێت بە هیچ شێوەیەک نەکەوینە ململانێ دژی یەکتر.
ئێستا کەشێکی ئەرێنی دروستبووە، ئێمە دەمانەوێ بەیەکەوە لەگەڵ هەموو ئەو بەڕێزانەی کە بڕوایان بە ئاشتی و دیموکراسیەت و ئازادی و پێشکەوتن هەیە بتوانین وڵاتێکی خۆشتر و ئاوەدانتر بینا بکەین.
من خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ پڕۆژەیەکی گرنگی حکومەتی کوردستان رادەگەیەنین کە پرۆژەی گەشانەوەیە و بریتییە لە قەرزی بازرگانی بۆ بزنسە بچووک و مامناوەندەکانی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوانەی دەیانەوێت کارەکانیان گەشە پێبدەن لە رێگەی قەرزی بانکییەوە لە رێگەی بانکەکانی کەرتی تایبەتەوە پێیان دەدرێت، ئەم پڕۆژەیە بەشێکە لە پلان و کارنامەی حکومەت بۆ گەشەپێدانی بازرگانی و هاوکاریکردنی کەرتی تایبەت کە بێگومان لە ساڵانی رابردوودا هەردوو کەرتی گشتی و تایبەت تەواوکەری یەکتر بوون و بەیەکەوە هاوکار و هەماهەنگ بوون لەپێناو پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان، بەیزی کەرتی تایبەت لە هەر وڵات و کۆمەڵگەیەکدا بنەما و مەرجێکی سەرەکی بەهێزی ئابوورییە، یەکێکە لە کۆڵەگەکانی سەرەکییەکانی سەرکەوتنی کەرتی تایبەتیش. هەبوونی سیستەمێکی بانکی بەهێز و کارایە کە ژینگەیەکی لەبار بۆ گەشەی ئابووری و بازرگانی دەستەبەر دەکات، لە هەرێمی کوردستان بەپێی توێژینەوە و لێکۆڵینەوە زانستییەکان بزنسی بچووک و مامناوەند زیاتر لە سەدا 50ی جموجۆڵ و چالاکی بازرگانی و هێزی کاری کەرتی تایبەت پێکدێنێت، لە هەمانکاتدا یەکێک لە گرفت و بەربەستە سەرەکییەکانی بەردەم کاری بازرگانی و بزنس لە کوردستان بریتییە لە نەبوون و دەست نەگەیشتن بە پاڵپشتی دارایی، کە خاوەن کارانی کوردستان بەهۆی نەبوونی پاڵپشتی داراییەوە نەیانتوانیوە بزنسەکانیان فراوان بکەن.