زاری كرمانجی -سۆران:
شەش ساڵ لەمەوبەر زۆرینەی خەڵكی كوردستان بە بەڵێ دەنگیان بۆ سەربەخۆیی كوردستان دا، بە گوتەی چین و توێژەكانی سۆران، ریفراندۆم هەنگاوێكی گرنگ و دەستكەوتێكی مێژوویی بوو بۆ گەلی كوردستان.
نوردەین دری، بەرپرسی ئۆفیسی سۆرانی دەزگای پاراستنی ئاڵای كوردستان، بۆ زاری كرمانجی دەڵێت: بۆ یەكەم جارە گەلی كوردستان بتوانێت بەو شێوەیە دەنگی ئازادی خۆی دەرببڕێت و داوای سەربەخۆی بكات، ریفراندۆم وەچەرخانێكی مێژوویە لە بزاڤی رزگاریخوازی گەلی كوردستان، كە توانی دەنگی ئازادی خۆی بەرز بكاتەوە بۆ تەواوی جیهان كە ئێمە داوای سەربەخۆی دەكەین، ئەمەش مافێكی رەوای گەلی كوردستانە، وەك دەزگای پاراستنی ئاڵای كوردستان، لەم رۆژە پیرۆزە پیرۆزبای خۆمان ئاراستەی گەلی كوردستان و سەرۆك بارزانی كە سەرپەرشتیار و رێنیشاندەر و بیرۆكەی سازكردنی ریفراندۆم بوو، ئێمەش بێبەش نەبووین لەو رۆژانە كە ماوەی سی رۆژ ئاهەنگ بگێڕین تا رۆژی ریفراندۆم توانیمان تەواوی سنووری ئیدارەی سۆران بە دروشمی بەڵی بۆ سەربەخۆی بڕازێنینەوەو هەزاران ئاڵای كوردستان بەرز بكەینەوە و ئاهەنگی خۆشی
بەرپرسی ئۆفیسی سۆرانی دەزگای پاراستنی ئاڵای كوردستان، دەشڵێ: ریفراندۆم هەنگاوێكی گرنگ و دەستكەوتێكی مێژوویی بوو بۆ گەلی كوردستان، دەنگدانی سەربەخۆیی تاپۆیە لە گیرفانمان رۆژێك دێت كاری پێدەكرێت و دەكرێتە كارتی فشار بۆ دوژمنانی گەلی كورد، ئەوانەشی كە دژی ریفراندۆم بوون دژایەتیان دەكرد بەو خەیاڵ و خیانەتە دەچنە ژێر گڵ.

رێكان وەلید، نووسەر و چالاكوان، بە زاری كرمانجی راگەیاند: ریفراندۆمی گەلی كوردستان وەچەرخانێكی گرینگی سیاسەتی نەتەوەیی گەلی كورد بوو، كە نیشانی هەموو جیهانیدا كورد وەك میراتگری خاكی كوردستان داوای مافی ڕەوای خۆی دەكات، كە چەندین ساڵە زلهێزانی جیهان وەك بەردەداش دابەشی چەند وڵاتێكی دروستكراویان كردین و مافی خۆبەڕێوەبەریان لێ سەندینەوە، گەلی كورد بە رێگەی ریفراندۆم ئەوەی دووپات كردەوە كە یەك دەنگ و یەك رەنگە لە بەرامبەر پرسە چارەنووسازەكانی تایبەت بە نەتەوەی خۆی، بۆیە ئەو جووڵە سیاسییە بە سەرۆكایەتی سەرۆك بارزانی گورزێكی گەورە بوو كە توانی هەرسێ وڵاتی داگیركەر ئێران، عێراق و توركیا ناچار بكات و وای لێكردن هەست بە مەترسییەكی گەورە بكەن لە هەڵوەشانەوەی وڵاتەكانیان، ئەو ریفراندۆمە ئەگەر ئەمڕۆش نەتوانێ قەوارەیەكی سەربەخۆ بۆ گەلی كورد دروست بكات، لە ئایندەدا دەتوانێ وەك ئامرازێكی سیاسی بەهێز بەكاربێت.

ناسیح بەهائەدین، بەرپرسی رێكخراوی ئاڤاشین، بە زاری كرمانجی گووت: ریفراندۆم ئەنجام و دەرهاوێشتەكەی هەرچی بێت دەستپێشخەریەكی پڕ لە شكۆ و ئازایەتی بوو، هەروەها وەڵامێكی كەمەر شكێن بوو بۆ ئەو هەڕاجكردنەی جەستە، رۆح و خاكی كوردان كە 100 ساڵ لەمەوبەر، لە باشووری كوردستان روویدا و بە درێژایی هەموو ئەو زەمەنە مامەڵەی وڵاتێكی داگیركراوی لەگەڵدا كراوە.
گوتیشی: ڕیفراندۆم بۆ وەرگرتنەوەی ئەو مافە بوو، كە بە زۆر لێمان سەندرا بوو تێكڕای كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لێی بەرپرسیار بوون، هەوڵێكی دیموكراسی و مودێرن بوو بۆ ئەوەی بە جیهان بڵێ، ئێمەش وەك ئێوە مافی دەوڵەت و سەربەخۆیمان هەیە ئێمە لە ئێوە كەمتر نین، پیرۆزە ئەو یادە مەزنە و هەر پایەدار بێ بیری سەربەخۆیی كوردستان.
