مستەفا سۆفی
ئەمڕۆ شەش ساڵ بەسەر ڕیفراندۆمی گەلی کورد لە ٢٥/٩/٢٠١٧ تێدەپەڕێت، دوای شەش ساڵ بارودۆخی ئابوری، سیاسی و کۆمەڵایەتی بە چەندین ھۆکاری جیاجیا گۆڕانکاری بەسەردا ھاتووە، کورد لە جەنگاوەری پارێزەری مرۆڤایەتی و پێشمەرگە و خۆشویستراو بووە بە پارچەیەکی بێزراو لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست. ئەو کوردستانەی کە بەھەشتی ئارامی ڕۆژھەڵاتی ناوین بوو، لە شەو ڕۆژێک دا کەوتە بەر ھێرشی میلیشا شیعەکان و ھێزە عراقیەکان کە دووژمنی ژمارە یەکی ئەمریکا و ڕۆژئاوا بوون و ھەم ڕۆژئاوا و ھەم ئەمریکاش خۆیان لێ بێبەری کردین، خەڵکی کوردستان کە ھەمیشە باوەشی گەرمیان بۆ پەنابەرانی جەنگدیدەی وڵاتانی دەورووبەر و باشوور و ناوەڕاستی عراق ھەمیشە کراوە بوو، کەوتنە برسی کردن و گەمارۆ دانی خەڵک و خاکەکەی و بە قۆناغێکی ئێجگار سەختی ئابووری و سیاسیان بردین و یەک تاقە وڵاتیش بە ئیدانەکردنێکیش بێت پاڵپشتی نەکردین. کوردستان کە سەنگەرێک بوو بۆ پارێزگاری کردن لە ھەموو جیھان بەرامبەر تیرۆر بە ماوەیەکی کورت کەوتینە بەر ڕەحمەتی تۆپ و تەیارەی ئێران و تورکیا و ھێزە عراقیەکان لە زاخۆوە تا کۆیە و ھەولێر و باڵەکایەتی و برادۆست دەستیانی لە خوێنمان نەپاراست و چەندین ڕۆڵەی ئەو خاکەیان لێ شەھید کردین، لەو کاتەش دا نە دادگای فەڕەنسا و نە لاھای و نە ھیچ دادگا و وڵاتێکیش بە ھانامانەوە نەھاتوو چاووی خۆیان بەڕودا داخستین. ئەوەتا ئێستاش ئێران ھەڕەشەی ھێرشی زەمینیمان لێ دەکات و عراق وەک گەپجاڕێک ھەموو ڕۆژ ئەولا ئەولامان پێدەکات و بە ھەر بەھانەیەک دەیەوێ ئەو قەوارەیەی کە بە خوێن بەدەستمان ھێناوە لەنێو چوارچێوەی عراق دا بتوێنێتەوە.
تاکی کورد برسی و داڕوخاوە و ھیچ ئومێدێکی بە سبەی نییە و سوچی ھەموو ئەوانەش دەخاتە ملی ڕیفراندۆم، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا دەکرێ ئەوەی کە بەسەرمان دێ و ھاتووە ھۆکارەکەی ڕیفراندۆم بێت؟
ئەگەر چاوێک بە ھەلومەرجی سیاسی ناوەخۆی و ھەرێمی دا بخشێنین دەبینین کە لەو کاتەدا پێشمەرگە لە چاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دا قارەمانێکی جیھانی بوو و گەلی کورد بە قوربانی دان بە خۆی پارێزگاری لە شارستانیەت دەکرد لە دژی تیرۆر، کوردستان باوەشی بۆ زیاتر لە ملیۆن و نیوێک ئاوەرەی دەرەکی و ناوەخۆی کردبۆوە و لە بری ھەموو جیھان ھاوکاری دەکردن، کوردستان لە ڕووی دیبلۆماسیەوە ڕۆژانە شاندی باڵای وڵاتان سەردانی کوردستانیان دەکرد و کورد پێگەیەکی باشی نێودەوڵەتی پەیداکردبوو، ھەروەھا عراق تازە لە سەروو بەندی خۆ ڕێکخستنەوە بوو.
لەو ھەل و مەرجەدا کە کورد بڕیاری دابوو وەک نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت گشتپرسیەک سەبارەت بە بنەڕەتی ترین مافی خۆی بکات کە مافی چارەی خۆنووسینە و تەنێ بەشێوەیەکی دیموکراتی و شارستانی ویستی گەلەکەی نیشان بدات ڕوو بەڕووی فشاری نێودەوڵەتی و ئاستەنگ کرایەوە، ئەوەی جێی پرسیارە ئەوەیە کە لە کاتێکدا کە ئێمە لە جیاتی ھەموو جیھان شەڕمان دەکرد و ببووینە ناوەندێکی ئارام بۆ لێقەوماوان و سەلماندبوومان کە گەلێکی ئاشتی خواز و پێشکەوتن خوازیان، وڵاتانی بەناو دیمۆکراتی ڕۆژئاوا و تەنانەت ئەمریکاش ڕوویاب لێ وەرگێڕاین و داوای پاشگەزبوونەوەیان کرد.
پاشگەزبوونەوەی میلەتێک لە بەرامبەر مافە ڕەواکانی خۆی کە بەشێوەیەکی دیمۆکارتی و شارستانیانە ھەوڵی بۆ بەدەستھێنانی داوە بە ھیچ بەھانەیەک قەبووڵ کراو نییە و نابێت!
ڕیفراندۆم ئەگەر چی دەکرا پێشتر بناغەیەکی تۆکمە تری بۆ درووست بکرایە، بەڵام وڵاتانێک کە لە نەھامەتی ئەو میلەتە پشتیان تێ کردووە و ھەمیشە پشتی زاڵم و دیکتاتۆرەکانیان گرتووە نەک ھی میلەتی ژێردەستی کورد، چۆن ماف بە خۆیان دەدەن کە ڕێگری لە سەرتای ترین مافی میلەتێک بگرن کە بە درێژای سەدەی بیستەم و دواتریش لە پێناو مانەوەی خۆیان ھەزاران قوربانی داوە؟
کاتی ئەوە ھاتووە بپرسین بۆ دەبێ لە واشنگتۆن بڕیار بۆ مافی گەلێک بدرێت کە لە ٨٠ کانی سەدەی ڕابردوو بەبارچاویەوە زیاتر لە ٢٠٠،٠٠٠ ڕۆڵەی لە بیابانەکانی خواروی عراق زیندەبەچاڵ کران و واشنگتۆن بێدەنگ بوو لێی؟
بۆ دەبێ بەرلین و پاریس دیاری بکەن کە کەی گونجاوە بۆ ئێمە تا گشتپرسی بکەین لە کاتێک دا ھەردووکیان ھاوکاری ڕژێمی بەعسیان کرد لە بەرھەم ھێنانی چەکی کیمیای و ھەزاران کوردیان لە چرکە ساتێکدا خنکاند؟
ئەوەی کە ئێستا دەگوزەرێ نە سووچی ڕیفراندۆمە نە پەرچەکردارێکە بەرامبەری، ڕاستیەکە ئەوەیە کە جیھان کوردی تەنھا وەک ئامرازێکی یەکلایکردنەوەی شەڕەکانی خۆی دەوێ نەک میللەتێکی ئازاد و سەربەخۆ، دەنا ھەموومان دەزانین کە کورد دۆستێکی وەفادارترە لە حکومەتی عراق بۆ ئەمریکا و ڕۆژئاوا، بەڵام ڕۆژئاوا و ئەمریکا نایانھەوێت گۆڕانکاری لە نەخشەی درووست کراوی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ڕووبدات چونکە دەتسێن کە تەشەنە بسەنێت و ئەو گۆڕانکاریانە بەرە و وڵاتانی دەورووبەر پەل بھاوێت، بەمەش ئەو نەخشەیەی کە خۆیان لە پێناو بەشینەوە و لووشینی نەوت و سامانی ڕۆژھەڵات درووستیان کردووە شکست دێنێت.
دیوێکی تری بابەتەکە ئەوەیە کە (دوژمنێ باب و کالا نابن دۆستێ لاوا)!
خۆ کورد لە سەرەتای دامەزراندی کۆماری عراق دا نە ڕیفراندۆمی کرد و نە ھەڕەشەی لە سەقامگیری عراق دەکرد کە حکومەتەکەی قاسم تۆپ بارانی بەرفراوانی دەست پێکرد و دەستی بە پاکتاو کردنمان کرد. مێژوو سەلماندویەتی کە عراق ھەرکاتێک ھێزی ھەبێت دەبێتەوە ھەڕەشە لەسەر بوون و شوناسی نەتەوەی کورد، انفال و کیمیاباران و ڕەشبگیری و …. ھتد نمونەی دیاری ئەو ھەوڵانەن.
ئەگەر بە بەھانەی ڕیفراندۆمیش نەبووایە عراق ھەر بەھانەیەکی تری دەدۆزیەوە بۆ خنکاندنمان، خۆ پێشتر لە ساڵی ٢٠١٣ کورد باسی ڕیفراندۆمی نەکردبوو کە قوتی ئەو میللەتەیان بڕی چەند ساڵ برسیان کردین. ئەوانە ھەمووی سەلمێنەری ئەوەن کە عراق نە بە بەھانەی ڕیفراندۆم بەلکو بە بەھانەی کوردبوون دەستی دە بینەقاقامان ناوە، ھەر کاتێکیش بۆی برەخسێت ھەوڵی لەناو بردنی یەکجارەکیمان دەدات.
دەرئەنجام، ڕیفراندۆم بۆ ئەوە بوو کە چیدی بەشێک نەبین لەو وڵاتە بێ خاوەن و بێ سیادەیەی ک ھەر ڕۆژە و بە بەھانەیەک دەیەوێت کۆرمان کاتەوە و بەیەکجاری لە چنگی عارەبی شیعە و سونە و ئێران دەربچین کە ناتەبای کورد ئەو گوریسە لێ کردینەوە خوری. بەھەرحاڵ ھیوادارم کە تێگەیشتبن کە ڕیفراندۆم ھۆکار نەبوو بۆ ئەو دۆخە بەڵکو بە ھانەیەک بوو بۆ تواندنەوەمان.
لە ئێستا دا کە باروودۆخی ئابووری زۆربەمان لەو پەڕ خراپی دایە و لە زۆر ڕوەووە ڕوخاوین ھیوادارم دوژمنی خۆمان باش ناسیبێت و تێگەشتبین کە ھەدەفی کۆتایی عراق سڕینەوە مانە نەک سزادان.
یادی پیرۆزی ڕیفراندۆم لەھەموو نیشتیمان پەروەران و سەربەخۆی خوازان پیرۆز بێت و ھیوادارم لەم ژیانە کورتەمان دەرفەتمان ھەبێت کە سەری داگیرکار بە ژێر پێڵاوەکانمان بشێلین و لە کۆتایدا کوردستانێکی سەربەخۆ و ئازاد و یەکسان ببینین.
٢٥/٩/٢٠٢٣