زاری كرمانجی- سۆران:
شەش ساڵ بەسەر بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی سەربەخۆی كوردستاندا تێدەپەڕێت، كە 93%ی خەڵكی كوردستان دەنگیان بە بەڵێ دا و داوایان كرد سەربەخۆ بن. پێشمەرگەكانی هەر دوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان، دەڵێن، ئەگەر ئێستاش ڕیفراندۆم بكرێتەوە، هەر دەنگیان بە بەڵێیە بۆ سەربەخۆیی و دەستبەردار نابن، چونكە تا سەربەخۆ نەبین، بە مافە ڕەواكانی خۆمان ناگەین.
سەید بەهادین، پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان، بۆ زاری كرمانجی گوتی: ئێمەی گەلی كورد خەباتمان بۆ سەربەخۆیی و ئازادیی كوردستان كردووە، چەندین دەوڵەت هەیە ژمارەیان ناگاتە یەك ملیۆن كەس و خاوەن دەوڵەتن، بەڵام پێیان حەرامە ئێمەی گەلی كورد كە خاك و ئاڵا و لەشكرمان هەیە، ببینە دەوڵەت، بۆیە خەباتی سەربەخۆیی بەردەوامە و گەلی كورد بە ڕابەرایەتیی مەرجەعەكەی، كە سەرۆك بارزانییە، لە خەباتكردن بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان بەردەوام دەبێت.
ئەكرەم سابیر، پێشمەرگەی شۆڕشی گوڵان، ڕایگەیاند: ئەو ڕۆژەی ڕۆشتمە سەر سندووقی دەنگدان و دەنگم بە سەربەخۆیی دا، فرمێسكی خۆشیم لە چاوەكان هاتە خوارەوە، ئاوات و ئامانجی باوك و باپیرم و خەباتی خۆم هاتبووە بەرهەم، باوكم پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول بوو، خۆشم پێشمەرگەی شۆڕشی گوڵان بووم، كاتێك دەنگم بە سەربەخۆیی دا، ئەو ڕۆژانەم بیر دەكەوتەوە كە سەركردەكانی شۆڕش كۆبوونەوەیان پێ دەكردین و پێیان دەگوتین خەباتی ئێمە بۆ سەربەخۆیی كوردستانە، پشتئەستوورین كە بە ڕێبەرایەتیی سەرۆك بارزانی و پارتی، بەرهەمی دەنگدانمان دەبینین.
خەلیل میرخان، پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان، بۆ زاری كرمانجی ئاشكرای كرد: وەكو گەلی كورد خەباتمان بۆ سەربەخۆیی و ئازادیی كوردستان كردووە، هەرگیز لە مافی ڕەوای خۆمان كە دنیایەك خوێنی كوڕ و كچی كوردی بۆ ڕژاوە، خۆش نابین، ئەویش سەربەخۆیی و ئازادییە، خەباتی سەربەخۆیی بەردەوامە و گەلی كورد بە ڕابەرایەتیی مەرجەعەكەی، كە سەرۆك بارزانییە، لە خەباتكردن بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان بەردەوام دەبێت، بۆیە ئاواتی ئێمە ئەوەیە سەربەخۆیی كوردستان بە چاوی خۆمان ببینین.