كوردستانیان دەستبەرداری سەربەخۆیی نابین
زاری كرمانجی- سۆران:
ئەمڕۆ شەش ساڵ بەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان تێدەپەڕێت، كوردستانیان دەڵێن: ڕۆژێك دێت سەربەخۆیی كوردستان لەسەر دەستی سەرۆك بارزانی دەبینین، چونكە تا سەربەخۆ نەبین، بە مافە ڕەواكانی خۆمان ناگەین.
رۆژی 7ی 6ی ساڵی 2017 ئەو رۆژە بوو كە لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم بە سەرپەرشتی سەرۆك بارزانی سەرۆكی پێشووی هەرێمی كوردستان وادەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان دەستنیشان كرا و رۆژی 25ی ئەیلوولی ساڵی 2017 وەكو ڕۆژی بڕیاردان لەسەر چارەنووسی گەلی كوردستان دیاری كرا.
هەر چەندە لە سەرەتای بڕیارەكەوە زۆرێك لە وڵاتانی ناوچەكە و جیهان و تەنانەت بەرپرسانی حكوومەتی عێراقیش باوەڕیان نەدەكرد كورد هەنگاوێكی لەو شێوەیە بنێت، بەڵام پرس و باسی ریفراندۆم بووە بابەتی سەرەكی میدیاكانی ناوخۆ و عێراق و ناوچەكە و جیهان و ئەو بڕیارە ناوچەكەی هەژاند، چونكە لە ماوەی زیاتر لە 100 ساڵی رابردوودا كورد توانای هەڵگرتنی هەنگاوێكی لەو شێوەیەی بۆ نەڕەخسابوو، هەر بۆیە پێیان وابوو ئێستا كاتێكی گونجاوە و دەبێت گەل قسەی دڵی خۆی بكات.
عێراق و وڵاتانی دراوسێ و چەند وڵاتێكی دیكە داوای دواخستنی ریفراندۆمیان دەكرد، بەڵام ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم هیچ جێگرەوەیەكی بۆ ریفراندۆم نەخرایە بەردەست و بە هیچ یەكێك لەو داواكاریانە ڕازی نەبوون، چونكە كێشەكانی هەرێم لەگەڵ حكوومەت و دەوڵەتی عێراق گەیشتبوونە لووتكە و وەك ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سەركردایەتی سیاسی كوردستان دەیانگووت، بەغدا باوەڕی بە هاوبەشی نەماوە و زیاتر لە 55 بڕگە و بەندی دەستووری پێشێلكردووە، ئەگەر نەتوانین دوو هاوبەشی راستەقینە بین، باشترە دوو دراوسێی باش بین.
سەرۆك بارزانی، ئەو كات سەرۆكی هەرێمی كوردستان بوو، بەڵام هەر خۆی بە پێشمەرگەی ڕێگای ڕزگاری و سەربەخۆیی كوردستان دەزانی، ئەركێكی قورسی بەڕێوەدەبرد، ڕۆژانە چەندین شاندی ناوخۆیی و دەرەوەی دەبینی و فشاری زۆریان دەخستە سەر تا لەو بڕیارە پاشگەزبێتەوە، لە هەمان كاتیشدا سەرقافڵەی بانگەشەكارانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان بوو، ئەو نەك ئەوكاتە، تەنانەت لە دوایین دیداریشی پێش كردنی ڕیفراندۆم لەگەڵ كەناڵی جەزیرەی قەتەری كە شەوی 23/9/2018 بڵاوكرایەوە گوتی: هەر سوورم لەسەر ئەوەی گەلەكەم مافی بڕیاردان و دیاریكردنی چارەنووسی خۆی هەیە.
سەرلەبەیانی ڕۆژی 25/9/2017، شەش ساڵ پێش ئێستە بۆ خەڵكی كوردستان وەك جەژنێكی نەتەوەیی بوو، ئەوان تازە لە مەترسی داعش دووركەوتبوونەوە و بە ئومێدێكی گەورەوە بەرەو سندووقەكان ڕۆیشتن تا وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە، ئایا دەیانەوێت سەربەخۆبن، یان لەگەڵ عێراق بمێنەوە، 93% دانیشتووانی هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و كوردانی تاراوگە بە بەڵێ دەنگیان بۆ سەربەخۆیی دا، بە لای گەلی كوردستانەوە، ئازادی لە نان گرنگتر بوو، بە دەنگێكی زوڵاڵ بە جیهانیان گوت: سەربەخۆییمان دەوێ.































































