د. ئازا – زاری كرمانجی:
ڕێباز كەمال گچكە دانیشتووی باڵەكیان – سۆران، دەرچووی سكوڵی وەرزشی زانكۆی سۆرانە و یاریزانی هێزی لەشە لە ئێستادا پێشمەرگەی لیوای٢ كۆماندۆی فەوجی٣ فەرماندەی زێرەڤانیە.
ڕێباز، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: من چەندین ساڵە وەرزش دەكەم و بەردەوامم لە ڕاهێنانەكانم لە هۆڵەكانی باڵەكیان و عادل و پێشمەرگە لە قەزای خەبات مەشقەكانم لەژێر سەرپەرشتی ڕاهێنەران بارزان ، عادل و شێروان ئەنجام دەدەم.
یاریزان ڕێباز، دەڵێت: لە پاڵەوانیەتی هێزی لەش لەسەر ئاستی هۆڵەكان و یانەكانی شاری هەولێر و دەوروبەری بەشداریم كرد و توانیم لە كێشی ٦٦ كیلۆگرامی پلەی یەكەم مسۆگەر بكەم بە بەرزكردنەوەی ١٢٥ كیلۆگرام، لە ژیانی وەرزشیم لە سێ پاڵەوانیەتی بەشداریم كردووە، خۆشبەختانە توانیومە لە هەرسێ پاڵەوانیەتیەكە پلەی یەكەم بەدەست بهێنم و سەركەوتووبم.
یاریزان ڕێباز، زیاتر دەڵێ: لە ئێستادا ئامادەكاری دەكەم بۆ بەشداری كردن لە پاڵەوانیەتی لەشجوانی و لێهاتوویی جەستەیی كە بڕیارە لە چەند مانگی داهاتوو بەڕێوەبچێت لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، جگە لەمەش دەمەوێت لە پاڵەوانیەتیەكانی كوردستان و عێڕاق بەشداری بكەم لە داهاتوو، هیوای ئەوە دەخوازم كە لە ئایندە بتوانم هۆڵێكی تایبەت بەخۆم لە باڵەكیان دروست بكەم و لە ڕێگایەوە خزمەت بە لاوانی ئەو سنوورە بكەم لە بواری وەرزشییەوە.
لە كۆتاییدا یاریزانی پاڵەوان سوپاسی خانەوادە و هەموو ئەوانەی كرد كە پشتگیر و هاندەری بوون بۆ سەركەوتنەكانی و دەستخۆشی لە زاری كرمانجی كرد.




