زاری كرمانجی – سۆران :
چەند مانگێك دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم، سایتی ئەلمۆنیتەر هەڤپەیڤینێكی لەگەڵ مەسروور بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان ئەنجامداوە كە ئەو كات راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بوو، ئەلمۆنیتەر چەند پرسێكی تایبەت بە ریفراندۆم و رەوشی سیاسی و سەربازی لەگەڵ بارزانی گەنگەشە دەكات و لە بەشێكی چاوپێكەوتنەكەدا مەسروور بارزانی دەڵێ: “ئەنجامدانی ریفراندۆم تاوان نییە و نەدەبوو لەسەر ئەو پرۆسەیەش سزای خەڵكی كوردستان بدرێت، چونكە ریفراندۆم بۆ سەپاندنی سنوور نەبوو،” هەروەها ئەوەش دەڵێ كوردستان هیچ نیازێكی نییە دوژمنداری لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بكات و دووپاتیشدەكاتەوە كە خەونی سەربەخۆیی كۆتایی نەهاتووە .
زاری كرمانجی بەشێك لە چاوپێكەوتنەكە بڵاو دەكاتەوە كە تایبەتە بە پرسی ریفراندۆم .
دەقی چاوپێكەوتنەكە:
ئەلمۆنیتەر: ئایا خەونی سەربەخۆیی كوردستان كۆتایی پێهات ؟
مەسروور بارزانی : وەكو نەتەوە پێموانییە خەونەكان بمرن و كۆتاییان پێ بێت. بەڵام دەبێت واقیعبین بین لە بارەی ئەوەی دەتوانین ئەنجامی بدەین. ئێمە پێمانوابوو، كە زۆر گرنگە جیهان و حكومەتی عێراق لە رێی ئەنجامدانی ریفراندۆمەوە خواستی گەلی كورد بزانن. ئێمە چەند نیگەرانییەكمان لە بارەی پاشەڕۆژی گەلەكەمان هەبوو. دەمانویست دڵنیابین لەوەی هیچ رووبەڕووبوونەوەیەك روونەدات، دەمانویست پەیوەندییەكی جێگیر و ئاشتیخوازانەمان لەگەڵ بەغدا هەبێت. لەسەر بەرژەوەندی هاوبەش و ئەو بنەمایانەی لەسەری رێكدەكەوین. بەڵام بەداخەوە، خواست و ئارەزووی گەلی ئێمە بە هەڵە لێكدرایەوە. چونكە دەربڕینی خواستێك و ئارەزوویەك مەرج نییە بە مانای ئەوە بێت شەڕ و پێكدادان و رووبەڕووبوونەوە رووبدات. ئەمەش بووە هۆی روودانی ئەنجامە هەڵەكان و ئێمە لەو ئەنجامە هەڵانە بەرپرسیار نین.
ئەلمۆنیتەر: ئەنجامدانی ریفراندۆم ئاماژەیەكی ئاشكرا بوو بۆ رێخۆشكردن بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی، ئەمەش بوو باوكت (مەسعود بارزانی) بە ئاشكرا رایگەیاند، بە لەبەرچاوگرتنی پەرچەكرداری هاوبەشە سەرەكییەكانتان ئایا تۆ لەو باوەڕەدایت، هێشتا جیهان ئامادە نییە بۆ سەربەخۆیی كوردستان ؟
مەسروور بارزانی : وەك دیارە، ئەو ئامادەییە نییە، بەڵام دەربڕینی خواست و ئارەزووی میللەتێك بۆ ئەوەی چۆن بژی، تاوان نییە. هەر ئەمەش بوو میللەتەكەمان كردی. هەر كاتێك داوای دانووستان لە بارەی ئایندەی پەیوەندییەكانی نێوان كوردستان و بەغدا هەبووبێت، وەڵامەكە ئەوە بووە، كە مەرج نییە ئەوە خواستی هەموو كورد بێت. هەربۆیە زۆر گرنگ بوو بزانین میللەتی كورد چی دەوێت. ئێمە ئێستا دەزانین،زیاتر 92% خەڵكی كوردستان گوتیان بەڵێ بۆ سەربەخۆیی كوردستان.
ئەلمۆنیتەر: ئایا لەو باوەڕەدای دەتوانن وەك بەشێك لە عێراق بمێننەوە، لە كاتێكدا پەیوەندی نێوانتان تێكچووە و وادیارە هەر واش دەمێنێتەوە ؟
مەسروور بارزانی : كاتێك نەتەوەیەك دەیەوێت خواستی خۆی بۆ ئەو ژیانەی دەیەوێت دەربڕێت و هەروەها دوارۆژی خۆی و نەوەكانی مسۆگەر بكەن، ئەوە لە هەموو شتێك گرنگترە. بەڵام كاتێك جیهان ئەوە قبوڵ ناكات، ئەو كاردانەوەیەی دەبێت كە بینیمان. ئەمەش رووبەڕووی ئەو بەها و پرەنسیپ و پەیماننامەی نەتەوەیەكگرتووەكان دەبێتەوە، كە مافی بە هەموو نەتەوەیەك داوە چارەنووسی خۆیان دیار بكەن. ریفراندۆم پرۆسەیەكی دیموكراسی و ئاشتیخوازانە بوو. پێموانییە، میللەتی كورد پێویستە سزا بدرێت، تەنیا لەبەر ئەوەی ویستوویەتی چۆن بژیت.
ئەلمۆنیتەر: ئەگەر بە لیست هۆكارەكانی سەرنەكەوتنی ریفراندۆم باس بكەیت، ئەو هۆكارانە چین.. ئایا هۆی دژایەتی بەغدا و توركیا و ئێران و ئەمریكا بوو، یان نایەكگرتوویی كورد بوو یاخود كاتەكەی خراپ بوو ؟
مەسروور بارزانی : ئێمە لەگەڵ چەندین وڵاتدا دانووستانمان كرد، لەوانە عێراق و ئەمریكا و وڵاتانی دراوسێ و خۆرئاوا، هیچ كام لەوانە دژایەتی مافی چارەی خۆنووسینیان نەكردووە، دژی سەربەخۆیی نەبوون، تەنیا گوێمان لە نیگەرانی ئەوان بوو سەبارەت بە كاتی ئەنجامدانی ریفراندۆم. زیاتر داوای دواخستنی ریفراندۆم دەكرا. لێرەدا بە شێوەیەكی سەرەكی مەبەستم عێراق و ئەمریكا و هەندێك وڵاتی ئەوروپایە. نیگەرانیان زیاتر لە بارەی سێ خاڵ بوو. ئەوانیش :
یەكەم: پێیانوابوو، ریفراندۆم كاریگەری خراپی لەسەر شەڕی داعش دەبێت.
دووەم: رەنگە هەڵبژاردنەوەی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەختتر بكات.
سێیەم: لەوانەیە ناكۆكییەكانی تایبەت بە ناوچە جێناكۆكەكان بگاتە رووبەڕووبوونەوەی سەربازی.
ئێمە وەڵاممان بۆ هەر سێ خاڵەكە هەبوو. بەر لە هەموو شتێك خواست و بڕیاری ئێمە بۆ شەڕ لە دژی داعش، هیچ پەیوەندییەكی بە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ بەغدا نییە. ئەگەر بگەڕێینەوە رابردوو، چۆن داعش سەری هەڵدا، دەبینین، هۆكارە سەرەكییەكەی شكستی سیاسیی بوو لە بەغدا و بووە هۆی داڕووخانی ئابووری و درووستبوونی بۆشایی ئاسایش و 12 لیوای سوپای عێراق داڕووخان، بە هەموو چەك و تەقەمەنییەكانیانەوە، كە كەوتە دەست داعش. لە ماوەی كەمتر لە مانگێكدا داعش بووە بەهێزترین هێزی ناوچەكە. كە چەكەكانیشیان رووبەڕووی ئێمە كردەوە، ئەوە ویست و ئازایی ئێمە و پێشمەرگەمان بوو، بە هاوكاری هاوپەیمانان داعشمان تێكشكاند. بەغدا دژی ئەوە بوو چەكی قورس بداتە پێشمەرگە و مووچەی پێشمەرگە و بودجەی خەڵكی كوردستانی لە 2014ەوە بڕی بوو. بڕیاری شەڕی داعش بڕیاری خۆمان بوو. پەیوەندیمان لەگەڵ بەغدا هەرچۆنێك بێت، ئێمە بەردەوامین لە شەڕی نێودەولەتی دژ بە تیرۆر. ئێمە ئامادەبووین كە رێككەوتن لەگەڵ بەغدا و هاوپەیمانان واژوو بكەین بۆ بەردەوامیدان بە شەڕی داعش و هەماهەنگی تەواو لەو شەڕەدا.
ئەلمۆنیتەر: مەبەستت لە كاتی ریفراندۆم و دوای ریفراندۆم بوو؟
مەسروور بارزانی: بەڵێ.
ئەلمۆنیتەر: ئەوانیش نەگەیشتنە ئەو بڕوایە ؟
مەسروور بارزانی: نەخێر. سەبارەت بە خاڵی دووەم، كەپرسی هەڵبژاردنەوەی سەرۆك وەزیران حەیدەر عەبادییە. ئێمە پێمانوایە كاریگەری ئێمە بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی هەر كەسێك سنووردارە. چونكە سیستمی هەڵبژاردن لە عێراق وا دانراوە، هەمیشە شیعەكان زۆرینەن.
ئەلمۆنیتەر:بێگومان پشتگیریی ئێوە لەگرووپێكی دیاریكراوی شیعە لە بەرامبەر گرووپێكی دیكە بێگومان كاریگەری دەبێت ؟
مەسروور بارزانی : با بۆت روونبكەمەوە. دەستنیشانكردنی كاندیدەكان گرنگترین بەشی پرۆسێسەكەیە. ئێمە بێگومان دەزانین سەرۆك وەزیرانی داهاتوو لە شیعەكان دەبێت. ئەگەر هەموویان یەكگرتوو نەبن، دەنگەكانی سوننە و كورد بەیەكەوە كاریگەرییەكی وای نابێت. ئەگەرنا بە هەردووكیان زۆرینە پێكناهێنن. هاوپەیمانی بەستنیش بەم شێوەیە یە . سەرەتا دانووستان و پاشان گەمەكە دەستپێدەكات. ئێمە ئامادەین دانووستان لە بارەی باشترین كاندید بكەین. هەڵبژاردنەكە دەكەوێتە سەر بەرژەوەندی هاوپەیمانەكان و رۆژئاوا و لەسەرووی هەمووشیانەوە بەرژەوەندییەكانی خەڵكی عێراق. بۆیە دووبارەی دەكەمەوە ریفراندۆم هیچ كاریگەرییەكی خراپی لەسەر ئەو پرۆسەیە و ئەنجامەكانی نەبوو. سەبارەت بە خاڵی سێیەمیش، تایبەت بە بوونی پێشمەرگە لەناوچە جێناكۆكەكان، گوایە دەبێتە هۆی رووبەڕووبوونەوە، با بیرتان بخەمەوە، پێشمەرگە لەو ناوچانە بوو لەبەر هۆكارێك، ئەویش ئەوە بوو هێزە عێراقییەكان لە بەرامبەر داعشدا ئەو ناوچانەی بەجێهێشت. هەرگیز نەمانوتووە، ریفراندۆم بۆ ئەوە بووە سنوور لە نێوان عێراق و هەرێم بكێشین. ئێمە زۆر راشكاو بووین لە بارەی مافەكانمان، كە لە ماددەی 140ی دەستووری عێراق هاتبوو، ئەویش ئەنجامدانی ریفراندۆمە لەو ناوچانەدا.
ئەلمۆنیتەر: زۆر جار دەگوترێ، ئەگەر ریفراندۆم لە كەركووك نەكرابا؛ لەوانە بوو ئەوەی ئێستا روویدا، رووی نەدابا، ئایا ریفراندۆم لە كەركووك هەڵە بوو؟
مەسروور بارزانی : لەو بارەیەوە دوو بۆچوون هەبوو. هەندێك پێیانوابوو، پێویستە ریفراندۆم تەنیا لە سنووری هەرێمی كوردستان بكرێت. هەندێكی دیكە پێیانوابوو، لەبەر ئەوەی هیچ بڕیارێكی دیاریكراو لە بارەی سەپاندنی هیچ سنوورێك نییە، كەواتە ئەنجامدانی ریفراندۆم لەو ناوچانە هیچ كاریگەرییەكی نابێت. بۆنموونە كە كوردێكی عێراق لە ئەڵمانیا دەژیت، دەنگ بدات، بۆچی كوردێكیش كە لەو ناوچانەی جێناكۆكن دەژیت، ئەو مافەی نەبێت.
ئەلمۆنیتەر: پرسێكی دیكە ئەوەیە، ریفراندۆم بۆیە لە كەركووك ئەنجامدرا، چونكە داواكاری یەكێتی بوو، بەڵام لە هەمانكاتدا بافڵ تاڵەبانی، كوڕی مام جەلال، پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا، داوایكرد، ریفراندۆم لە كەركووك ئەنجام نەدرێت، ئایا ئەمە پەیامێك نەبوو، پێویست بوو گوێی لێ بگیرێت؟
مەسروور بارزانی : لە ناو یەكێتی چەندین بەرپرس، جەختیان لەسەر ئەوە دەكردەوە، پێویستە ریفراندۆم لە كەركوكیش بكرێت، ئەمەش هەمان ئەو كەسانە بوون لە ناو دانووستانەكان بوون.
ئەلمۆنیتەر: ئەمریكا بۆ ئەوەندە توند بوو لە دژی ریفراندۆم ؟
مەسروور بارزانی: نازانم پێویستە ئەم پرسیارە لەوان بكەیت. ئێمە كە نیگەرانی ئەوانمان لێك دەدایەوە، دەگەیشتینە ئەو بڕوایەی ریفراندۆم هیچ هەڵە نییە و ئەنجامی خراپی نابێت.
ئەلمۆنیتەر: پێتوایە ئەگەر ئەمریكا، بەو ئاشكراییە دژی ریفراندۆم نەبووایە، حكومەتی عێراق بە هەمان توندوتیژییەوە رەفتاری دەكرد، ئایا سیاسەتی واشنتن عێراقی توند كرد و هانیدا تووندتر بێت لە دژتان ؟
مەسروور بارزانی: ئەوان بە هۆی نەبوونی هەڵوێستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە هەڵوێستیان توند بوو. لە ناویشیاندا ئەمریكا. ئەگەر قبوڵیان نەكردبا، عێراق ئەو هەڵوێستە نادەستووریانە بگرێتە بەر و بە شێوەیەكی نابەرپرسانە بەرامبەر ریفراندۆم هەڵسوكەت بكات، بێگومان ئەو كاتە عێراقیش ئەو ئازایەتییەی نەبوو، هێزی سەربازی بۆ یەكلا كردنەوەی جیاوازییە سیاسییەكان لەگەڵ ملیۆنان خەڵك لە وڵاتێكدا كەپێی دەترێت عێراق بەكاربهێنێت. ئەوانەی دەنگیان دا هاووڵاتی عێراقی بوون. ئەمریكا دەیتوانی قەناعەت بە بەغدا بكات، كە ئەنجامی ریفراندۆم نابێتە هۆی سەربەخۆیی كوردستان و تەنیا دەنگدانێكە. بۆچی پێویستە هەمیشە كورد خەڵكی دیكە دڵخۆش بكەن، بە پێچەوانەی خواستی خۆیان و ئێمە دەمانەوێت بە ئاشتیانە و ئاشتیخوازانە بژین.
ئەلمۆنیتەر: هەڵوێستی ئەمریكا، ئەوە بوو، هێزە عێراقییەكان مافی خۆیانە لە ناوچە جێناكۆكەكانی وەك كەركووك بن و بە بێ هێرش و پەلاماردان بگەڕێنەوە ئەو ناوچانە و ئێوەش بكشێنەوە و ئەو كاتەش هیچ رووبەڕووبوونەوەیەك لە نێوان ئێوە و هێزە عێراقییەكان روونادات ؟
مەسروور بارزانی: ئەمە راست نییە. ئێمە وتمان ئامادەی دانووستانین لەگەڵ بەغدا لە پێش ریفراندۆم و دوای ریفراندۆم. ریفراندۆم بۆ ئەوە بوو، كە ئەو مافە بە ئێمە بدات ئەو دانووستانە بكەین. هەمیشە گوتومانە چارەنووسی كەركووك و ناوچە جێناكۆكەكان پێویستە بە پێی ماددەی 140ی دەستووری عێراق یەكلا بكرێنەوە. هیچ شتێك لە لایەن ئێمەوە نەسەپێنرابوو. نەمانویست چارەنووسێك یان خواستێك بسەپێنین. بەڵام هێزە عێراقییەكان هێزی چەكداریان بۆ دەركردنی پێشمەرگە بەكارهێنا. ئەوە بەكارهێنانی توندوتیژی بوو لە دژی خەڵكی خۆیان.
ئەلمۆنیتەر: تا ئێستاش دیار نییە، چی رووی روویدا، ئایا ئێوە شەڕتان لە دژی هێزە عێراقییەكان كرد ؟
مەسروور بارزانی: بێگومان پێش شەڕەكە، عێراقییەكان هێزیان كۆدەكردەوە. نیازی بەغدا زۆر ئاشكرا بوو. سەرەڕای هەموو داواكارییەكانی بەرپرسانی كوردستان و لایەنە سیاسییەكانی كە داوای دانووستانی ئاشتیانەیان دەكرد، بەڵام بەغدا رۆژ لە دوای رۆژ هێزی كۆدەكردەوە. لە جیاتی دانووستان لەگەڵ كوردستان، هەندێك لایەنی بەغدا، لەگەڵ باڵێكی یەكێتی گفتوگۆیان دەكرد، بۆ ئەوەی چۆن هێزەكانیان بگەڕێننەوە. داواكە ئەوە بوو، ئەو هێزە عێراقییانە بگەڕێنەوە بۆ بنكەی سەربازی K1 و كێڵگە نەوتییەكانی كەركووك. هیچ گفتوگۆیەك لە بارەی ئەوە نەبوو ئەو هێزانە بگەڕێنەوە ناو شاری كەركووك. بەڵام دواجار رێككەوتنی دیكە هاتە ئاراوە.
ئەلمۆنیتەر: كێ ئەو رێككەوتنانەی كرد ؟
مەسروور بارزانی: باڵێكی ناو یەكێتی. نامانەوێت شتەكان بە شەخسی بكرێن، بەڵام شتەكان خەڵك دەزانێت كێ ئەنجامیداوون.
مۆنیتەر: هیچ وڵاتێك دەستی تێدا هەبوو ؟
مەسروور بارزانی: ئێرانی و عێراقی و حەشدی شەعبی و باڵێكی ناو یەكێتی دەستیان لەوەدا هەبوو. بە قسەی خۆیان لەگەڵ هەندێك بەرپرسی ئەمریكا و بەریتانیا قسەیان كردبوو، كە لە راوێژدا بوون لەگەڵ باڵیۆزخانەكانی بەریتانیا و ئەمریكا و حكومەتی بەغدا.
ئەلمۆنیتەر: ئایا توركیا دەستی لەو رێككەوتنە هەبوو ؟
مەسروور بارزانی: ئەوەندەی ئاگاداربم، نەخێر.
ئەلمۆنیتەر: لەو بڕوایەدان بێ كەركووك دەتوانن كوردستانێكی سەربەخۆ و بەهێزتان هەبێت ؟
مەسروور بارزانی: بیرۆكەی سەربەخۆیی تەنیا تایبەت بە شارێك و ناوچەیەك نییە. بەڵكو خواستێكی نەتەوەییە لە هەر شوێنێك بێت. كەركووك زۆر گرنگە، لە رووی مێژوویشەوە بەشێك بووە لە كوردستان. ئێستا بە ناوچەی جێناكۆك لەقەڵەمدراوە. بەڵام ئایا حكومەتی عێراق لە 2005ەوە چی كردووە بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستووری عێراق. داهاتووی قەوارەیەكی كوردی چۆن دەبێت، ئەوە پەیوەستە بە دانووستانەوە. ئێمە میكانیزمێكمان بۆ یەكلاكردنەوەی چارەنووسی شوێنەكان هەیە. بەڵام كێشەكە ئەوەیە، كە سەربەخۆیی نەتەوەیەك رەتكراوەتەوە.
ئەلمۆنیتەر: ئێستا ئێوە ئەو ناوچانەتان لەدەستداوە، پێتانوایە هەمان دەسەڵاتتان هەیە، كە پێش ریفراندۆم هەتانبوو.. حكومەتی عێراق لەسەر چ خاڵێك لەگەڵ كورد دانووستان دەكات ؟
مەسروور بارزانی: ئەگەر سەیری مێژووی 100 ساڵی رابردوومان بكەین، دەبینین، سەدام حوسێن كۆنترۆڵی هەموو كوردستانی كرد، ئایا ئێمە لەناو چووین، ئایا دووبارە سەرمانهەڵنەدایەوە؟ بێگومان ئەوەی هی كوردستان بێت، هەر هی كوردستانە. ئێمە هەرگیز واز لە خاكی خۆمان و خواستی گەلی خۆمان ناهێنن.
ئەلمۆنیتەر: ئایا پێتوایە، رەوشی ئێستا ئاسانكاری دەكات بۆ گەڕانەوەی داعش لە ناوچە عێراقییەكان ؟
مەسروور بارزانی: جیهان ئێستا هەڵەیەكی گەورە دەكات، كە پێیوایە، لەناوبردنی سەربازیانەی داعش، ئەو رێكخراوە لە رووی ئایدۆلۆژییەوە لەناو دەبات. ئەوان لە رووی سەربازییەوە تێكشكاوون و خاكیان لەدەستداوە، بەڵام لەناو نەچوون و لە شوێنەكانی خۆیان ماوون و خەریكی خۆ سازدانەوەن. پێویستە سەیری رەگوریشەكانی سەرهەڵدانی ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە بكەین. ئایا هیچ هەنگاوێكی كردەیی بۆ لە ریشە دەرهێنانی ئەو رێكخراوە هەیه، بێگومان نەخێر. جیاوازی كردن و مامەڵەی خراپ لەگەڵ پێكهاتەكان و مامەڵەی نایەكسانیانە ، هۆكاری سەرەكین. پێم بڵێ كوێی عێراق جێگیر و سەقامگیر و ئارامە و خزمەتگوزارییەكانی وەك ئاو و كارەبا دابین كراوون؟ پارەی عێراق چی بەسەرهات؟ عێراق وڵاتێكی دەوڵەمەندە. خراپ بەكارهێنانی ئەو داهات و سەرچاوانەیە، كە جیاوازی دەكەن لە دژی گرووپێكی دیاریكراو. كوردستان لە هەموو بەشەكانی دیكەی عێراق جێگیرتر و ئارامترە. هەموو كەسێك كە ئاگاداری رەوشی عێراق بوو، ئەمەی دەبینی. بەڵام ئەو هێرشە سەربازییەی ساڵی رابردوو كرایە سەر كوردستان، ئەو پرسیارە دەهێنێتە ئارا، بۆچی سەقامگیرترین بەشی عێراق نا ئارام دەكرێت.
ئەلمۆنیتەر: ئایا لەداهاتوودا ئەگەری هەڕەشەی هێرشی دیكەی عێراق لە دژی ئێوە هەیە ؟
مەسروور بارزانی: هەوڵەكانیان بە یەك ئامانج بووە، ئەویش لاوازكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو. ئەمە بەهۆی هەڵە تێگەیشتن بوو لە خواستی میللەتێك لە ریفراندۆمدا. ریفراندۆم تەنیا دەنگدانێك بوو.
ویستیان كوردستان لاواز و پەراوێزخراو بكەن. بێگومان هەماهەنگییەك لە نێوان وڵاتانی هەرێمایەتی هەبوو، بەغداش نوێنەری خۆی بۆ تاران و ئەنقەرە نارد و ئەوان رێككەوتن لەسەر ئەوەی چۆن هەڵوێست بەرامبەر ریفراندۆم بنوێنن. بەغدا زۆر باسی سەروەری وڵاتەكەی دەكات، یاخود باسی ئەوە دەكەن رێگری لە دەستتێوەردانی دەرەكی بكرێت، كەچی نوێنەرانی عێراق كە نێردران بۆ وڵاتانی دەوروبەر، داوای دەستتێوەردانی ئەو وڵاتانەیان دەكرد، لە كاروباری ناوخۆی عێراقدا.