زاری كرمانجی-سۆران
دووەمین كۆنفڕانسی زانستیی نێودەوڵەتیی بەشی جوگرافیای فاكەڵتیی ئاداب لە زانكۆی سۆران دەستی بە كارەكانی كردو دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.
راگەیاندنی زانكۆی سۆران بڵاوی كردووەتەوە: ” ئەمڕۆ یەكشەممە، ٢٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، ڕۆژی یەكەمی كۆنفڕانسەكە لە هۆڵی ئیسماعیل بێشكچی بەڕێوەدەچێت و قسەكەرە سەرەكییەكانی كۆنفڕانس بابەتەكانیان پێشكەش دەكەن. لەم كۆنفڕانسەدا، دەیان توێژەر بە توێژینەوە نوێ و زانستییەكانیان گفتوگۆی بابەتی (ڕۆڵی جیوگرافیا لە چارەسەركردنی كێشە هاوچەرخەكاندا) دەكەن”.
كۆنفڕانسەكە چەند تەوەرێكی دیاریكراو لە خۆ دەگرێت، وەك: ڕۆڵی جوگرافیا لە مامەڵەكردن لەگەڵ هەڕەشە و ئالنگارییە ژینگەییە هاوچەرخەكان، خستنەڕووی پێشنیازە هاوچەرخەكانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەرمبوونی زەوی، بەڕێوەبردنی ئاو لە هەرێمی كوردستانی عێراق، چارەسەری كێشەكانی پەیوەست بە كەرتەكانی كشتوكاڵ، پیشەسازی و گەشتیاری و چەند تەوەرێكی دیكەی پەیوەندیدار بە پرسەكە”.
ڕۆژی دووشەممە، ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، دووەم و دواڕۆژی كۆنفرانسەكە دەبێت و كۆتایی بە كارەكانی دێنێت و راسپاردەكانی خۆی پێشكەشی لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكات.