مههدى محهممهد – زارى كرمانجي :
ڕێژەی خۆکوشتن و کوشتنی مێردمنداڵان لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە زیادبووندایە، تەنیا لەم هەفتەیە ئەمە دووەمین مێردمنداڵی کچە بە بیانووی پاراستنی شەرەف دەکوژرێن، چوار ڕۆژ بەر لە ئێستا (مەهیا نادری) تەمەن 13 ساڵەی شاری سەرپێڵی زەهاوی سەر پارێزگای کرماشان و ئەمڕۆش (هایدە حەسەنزادە) ی تەمەن 16 ساڵەی شاری ڕەبەت.
بە پشتبەستن بە هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو هەفتەی ڕابردوو تەرمی هایدە حەسەنزادە ی تەمەن 16 ساڵ دوای چوار مانگ لە دیار نەمانی، لە نێو بەنداوی سەردەشت بە مردوویی دۆزرایەوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە هەواڵەکەدا ئاماژە بەوە دەکات کە پێشتر ماڵە باوانی هایدە بۆ پەردەپۆشکردنی تاوانەکەیان گوتوویانە کە هایدە چووەتە دەرەوەی ئێران. بەڵام چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستا لە کاتی بەتاڵکردنی ئاوی بەنداوی سەردەشت، تەرمی هایدە دۆزرایەوە کە هەر دوو پێیەکانی بە بلۆک و دەست و چاو و زاریشی بە لەزگە و چەسپ بەستراوە.
باوکی ئەم کچە تەمەن ١٦ ساڵە و دوو کچی دیکە، لە ئێستادا دەستبەسەر کراوە و دانی بە تاوانی کوشتنی کچەکەی ناوە، بە بیانووی درەنگ گەڕانەوە بۆ ماڵە و پاساوی پاراستنی نامووس و شەرەف.