شەهلا رەشید- سۆران:
بەڕێوەبەری بەشی مۆڵەت لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی ئیدارەی سۆران، بۆ زاری كرمانجی ئاشكرای دەكات، لە سەرەتایی دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ لەو سنوورە، تا ئێستا 93859 كەس مۆڵەتی شۆفێریان بەهەموو جۆرەكانیەوە دەرهێناوە، لە نێویدا هەزاران ئافرەت مۆڵەتیان دەرهێناوە.
رائد عەدنان عبید، بەڕێوەبەری بەشی مۆڵەت لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی ئیدارەی سۆران، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند:” لە سەرەتایی دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتییەكەمان تا ئێستا 93859 كەس لە سنووری ئیدارەی سۆران مۆڵەتی شۆفێریان دەرهێناوە، ئەوانەی كە مۆڵەتی تایبەتیان دەرهێناوە 44504 كەس بوونە، 48827 كەسیش مۆڵەتی گشتییان دەرهێناوە، لەو ئامارانەی كە ئاماژەمان پێدان لەنێویاندا 201 ئافرەت مۆڵەتی گشتیی و 12215 ئافرەتیش مۆڵەتی تایبەتیان دەرهێناوە.
زیاتر گووتی:” 48626 پیاو مۆڵەتی گشتیی و 32289 مۆڵەتی تایبەتیان دەرهێناوە، لەوانەش 255 پیاو مۆڵەتی ماتوور سكیلیان دەرهێناوە، ئەوانەی كەمئەندامیشن 272 پیاو و 4 ئافرەت مۆڵەتی شۆفێریان دەرهێناوە.
بەڕێوەبەری بەشی مۆڵەت لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سۆران ، دووپاتی كردەوە:” ئافرەتان لە شوفێری كردن و پابەند بوون بە ڕێنمایەكانی هاتووچۆ زیاتر پابەندن لە پباوان، حاڵەتەكانی ڕووداوەكانی هاتووچۆش ئاماری پیاوان زیاترە، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە پیاوان زیاتر شوفێری دەكەن و ئۆتۆمبێل لێدەخوڕن و ئەوانەی كاری تەكسی و بارهەڵگریش دەكەن هەموویان پیاون، ئافرەتان زیاتر ئۆتۆمبێل بۆ كارەكانی تایبەتی ماڵەوە یاخود بۆ چوونە سەركار لێدەخورن، هەر بۆیەش پیاوان زیاتر تووشی ڕووداوەكانی هاتووچۆ دەبن”.