بەڕێوەبەری چاودێری گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی سۆران :” لە ئیدارەی سۆران 126 منداڵی ئۆتیزم هەیە”
شەهلا رەشید- زاری كرمانجی :
توران خدر، بەڕێوەبەری چاودێری گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند” لە ئیدارەی سۆران 126 منداڵی ئۆتیزم هەیە، بۆ كردنەوەی سەنتەرێكی حكومی تایبەت بە ئۆتیزم، هەوڵێكی زۆرمان داوە و چەندین جاریش نووسراومان بۆ سەرووی خۆمان كردووە و بەردەوامیش دەبین”،
توران داواكارە لە ئیدارەی سۆران كاری جددی بكرێت بۆ كردنەوەی سەنتەرەكە و دەڵێ:” ئەو خێزانانەی تووشبووی ئۆتیزمیان هەیە، خەرجیان زۆرە و لەوانەیە هەموو خێزانێك دەسەڵاتی نەبێت منداڵەكەی بنێرێتە سەنتەرێكی ناحكومی، تایبەت ئەوانەی ریژەی نەخۆشییەكەیان زۆرە”،
بەڕێوەبەری چاودێری گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی سۆران هێما بۆ ئەوەش دەكات پێویستە لە نێو سەنتەرەكانی تایبەت بە چارەسەری ئۆتیزم جگە لە راهێنەر، پزیشكی دەروونیش هەبێت، بۆ ئەوەی هەمیشە ئاگاداری باری دەروونی تووشبووەكە بێت.