دوای بڕیاری ئەنجامدانی كۆنگرە لە لایەنی پافل تاڵەبانییەوە، نیگەرانی لای زۆرێك لە كادیران و ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی دروستبووە و ژمارەیەكیشیان دەست لەكار دەكێشنەوە. ژمارەیەكی بەرچاویشیان نیگەرانن. بەڵام بە هۆی بەرژەوەندی كەسییانەوە بێ دەنگیان هەڵبژاردووە.
لەم چوارچێوەیەدا سەردار هەركی ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رەخنە لەئەنجامدانی كۆنگرەی پێنجەمی حزبەكەی دەگرێت و رایدەگەیەنێت، “بەئەرك و بەرپرسیارێتی مێژویی خۆم هەڵدەستم و نابمە بەشێك لەدروستكردنی بارودۆخێك كە لێكەوتەكانی زیان بەیەكێتی بگەیەنێت، هەربۆیە بەشداری لەم كۆنگرەیەدا ناكەم، دەستبەردای هەمو پۆست و ئیماتیازاتەكی حزبی دەبم”.
سەردار هەركی زیاتر دەڵێت”ماوەیەكە یەكێتیی بەدۆخێكی ناتەندروست تێدەپەڕێت، بەهۆی ئەو دۆخەوە گرفتی زۆر لەناوخۆی یەكێتیی دروستبووە، كە بۆتە هۆی لێكترازانی ناوخۆیی و دابڕان لەپرەنسیپ و پەیرەوی ناوخۆ و بەهاكانی دیمۆكراسی و پەكەوتنی ژیانی حزبایەتی”.
لە بەشێكی قسە كانیدا كە لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فێسبووك بڵاو كردۆتەوە نووسیویەتی ” وەك هەمولا ئاگادارن بڕیاردراوە 27ی ئەم مانگە كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی بكرێت، ئەم كۆنگرە لەكاتێكدایە كە زەمینەی كۆنگرەكردن فەراهەم نییە و كاری لەپێشینەی دیكە هەیە، لەلایەك لەهەموو كات زیاتر دۆخی ناوخۆ پێویستی بە پرۆسەی ئاشتەوایی و تەبایی هەیە”.
لە لایەكی دیكەشەوە ئیحسان نەجم محێدین، ناسراو بە ئەبو شەهاب كە پێشمەرگەیەكی دێرینی یەكێتییە و ئەندامی كۆنگرەشە رایدەگەیەنێت ” دەستبەرداری هەموو مافەكانی وەك پێشمەرگەیەكی دێرینی یەكێتی دەبێت و ئامادە نابێت لە هیچ كۆڕ و كۆبوونەوەیەكی حزبەكە”.
بەپێی بڕیارێكی یەكێتی، ئەو كەسانەی كە پێشمەرگەی سەرەتای دامەزراندنی حزبەكە بوونە راستەوخۆ دەبنە ئەندامی كۆنگرە، بەڵام ئەبو شەهاب لە روونكردنەوەكەدا رای گەیاندووە كە دەستبەرداری ئەو پاداشتەش دەبێت كە وەك پێشمەرگەیەكی دێرین پێی دراوە.