مەهدی محەممەد – زاری کرمانجی :
بارسێلۆنا بۆ ماوەیەکی کاتی و بە کۆکردنەوەی 16 خاڵ چووە پێشەنگی ڕیزبەندیی لالیگا.
بارسێلۆنا لە گەڕی شەشەمی لالیگادا، میوانداری سێلتاڤیگۆی کرد و یارییەکەشی بە ئەنجامی 3-2 لە بەرژەوەندی خۆی یەکلاکردەوە.
ئەگەرچی لەم یارییەدا بەرشەلۆنە تا خولەکی 80 بە دوو گۆڵ لە دواوە بوو، بەڵام ڕەتیکردەوە دەستبەرداری 3 خاڵە گرنگەکەی یارییەکە بێت بۆ سێلتاڤیگۆ و لە ماوەی پێنج خولەکەدا (ڕۆبێرت لیڤاندۆڤسکی) دوو گۆڵی تۆمار کرد و ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە، بارسێلۆنا بەوەشەوە نەوەستا و چاوی لە سێ خاڵی یارییەکە بوو، بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بێت و پێشەنگیەتی لە ڕکابەرەکەی (ڕیال مەدرید) وەربگرێتەوە، ئەوە بوو لە خولەکی 89 (جواو کانسێلۆ) توانی گۆڵی سێیەم و ڕیمۆنتادا بۆ یانە بلوگراناکە تۆمار بکات و 3 خاڵی گرنگ لە قوڕگی میوان دەربهێنێت.
بارسێلۆنا بۆ ماوەیەکی کاتی و بە کۆکردنەوەی 16 خاڵ چووە پێشەنگی ڕیزبەندیی لالیگا و چاوەڕێ ئەنجامی یاری ئەمشەوی دێربی نێوان هەر دوو یانە مەدریدییەکە دەکات بۆ بەهێزبوونی پێگەکەی .