نەوتی و بەنزینی پاڵپشتی كراو دەگاتە هەرێمی كوردستان
نوێنەرانی كورد لە پەرلەمانی عێراق كار لەسەر ئەوە دەكەن كە بەنزین و نەوتی سپی پاڵپشتیكراو بۆ هەرێمی كوردستان بنێرن.
نەهرۆ مەحموود، جێگری یەكەمی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق لەمبارەوە بە زاری كرمانجی گووت ” ئەوەی لە توانامان بێت بۆ دەستەبەر كردنی مافی هاووڵاتی هەرێمی كوردستان دەكەین، وەك ئەوەی لە رابردوو كردوومانە ، بە تایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە مافە دەستووری و یاساییەكانەوە هەبێت، یا پەیوەندی بە بژێوی هاووڵاتییانەوە هەبێت “.
بۆ بابەتی ناردنی نەوتی سپی و بەنزینی پاڵپشتی كراوە، ئەم پەرلەمانتارە گووتی ” بۆ ئەم بابەتەش كاری جددی كراوە لە لیژنە تایبەتەكانەوە و بەدواداچوونی زیاتر بۆ دەكەین تا لە چەند رۆژی داهاتوو بگاتە كوردستان”.
لە لایەكی دیكەشەوە لیژنەی دارای پەرلەمانی عێراق رایگەیاند” چاوەڕوان دەكرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا نەوتی سپی و بەنزین بە نرخی پاڵپشتیكراو بگاتە هەرێم، ئەمەش دوای ئەوەی چەند بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی نەوتی عێراق كۆبوونەتەوە و لەسەر چەند پرسێكی تایبەت گفتوگۆیان كردووە، لە نێویاندا بابەتی دابینكردنی نەوتی سپی بۆ هاووڵاتیانی هەرێم”.
پێشبنی دەكرێت لەگەڵ گەیشتنی نەوت و بەنزینی پاڵپشتی كراو بۆ هەرێمی كوردستان نرخی هەر دوو جۆرە سووتەمەنییەكە دابەزێت.