وەیسی سەعید وەیسی
شەش ساڵ لەمەوبەر، لە 25 ئەیلوولی 2017 گەلی كوردستان بە ھەموو پێكھاتە نەتەوەیی و ئاینی و مەزھەبی و سیاسییەكانەوە، بە شێوازێكی دیموكراتیانە ویستی خۆی بۆ جیھان ئاشكرا كردو پرۆسەی ریفراندۆمی ئەنجام دا،كە گرنگترین بریاری مێژوویی سەرۆك مسعودبارزانی وچەند لایەنێكی سیاسی بوو تاھەتایە بە درەوشاوەیی لەمێژووی گەلەكەمان دا دەمێنێتەوە،بەمەش سەروەرێكی تری مێژووی تۆماركرا لەخەبات وتێكۆشانی گەلی كوردستان ،ریفراندۆم سنوری كوردستانی پاراست، ھیچ كەس و لایەنێك ناتوانێت ناسنامەی كوردستانی بوونی ناوچەكان بگۆرێت، كە وەك دۆكیومێنتێك بەزیندووی دەمێنێتەوە، زۆر جاران لێرەولەوێ باس دەكرێت كاتی ئەنجامدانی ریفراندۆم لەبارنەبوو، بۆیە گرنگە ھەڵوەستەێكی خێرا لەم بارەیەوە بكەین، چونكە ریفراندۆم سەرچاوەی كێشەكان نییە، بەڵكو سەرچاوەی كێشەكان ئەو هۆكارانە بوون كە هانی گەلی كوردستانی دا بیر لەئەنجامدانی ریفراندۆم بكات، كەهێشتا ئەو فاكتەرانەی وایان كرد بڕیاری ریفراندۆم بدرێت، ھەروەك خۆیان ماون، ئەو عەقڵیەتی تاكڕەوی عێراق بەرێوە دەبات، كە رێگری كرد دەوڵەتێكی ھاوبەشی ھەموو نەتەوەو ئایینەكان دروستبكرێت هیچ گۆڕانێكی بەسەردا نەهاتووە. ھەروەك خۆیان ماون و كار لەسەر سیاسەتی برسیكردنی خەلكی كوردستان دەكەن، بروایان بەبنەماكانی دەستووری ھەمیشەیی عێراق نییە، كەلەسەر هەرسێ بنەمای (رێككەوتن -هاوسەنگی – بەشداری راستەقینە) عێراقی تازە دروستكراوە، بە ھەمان بۆچوونی سەرانی بەغدا پێش ساڵی2003 كاردەكەن.
تەنیا دەسەڵات گۆڕا و سیستەمی سیاسی نەگۆڕا. گەروانییە چۆن دەبێت بابەتی مووچەو شایستەداراییەكانی فەرمانبەرانی ھەرێم تێكەڵاو بكرێت، لەگەڵ كێشەكانی دیكە و بە سیاسی بكرێت. ئەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان مافی خۆیان نییە، وەك هەموو فەرمانبەرانی عێراق مانگانەشایستە داراییەكانی خۆیان وەربگرن، بۆیە تێكەڵاوكردنی ئەم بابەتەیە لەگەڵ كێشەكانی دیكەوە پێشێلكاری دەستوورە، ئامانج لێی تەنھا دژایەتیكردنی ئەزموونی سیاسی ھەرێمی كوردستانە، پێشتر گەلی كوردستان ئەنفال و كیمیاباران دەكرا، بەڵام ئێستا بەشێوازێكی تری مۆدێرن ئەنفال دەكرێت.
ئەوەی گەلی كوردستان لە25ی ئەیلوول ئەنجامیدا بریارێكی راست ودروست بوو، لەپێناو كۆتایھاتنی گرفت و ناكۆكی و ناسەقامگیری بووو ھەڕەشەو خۆسەپاندن و ستەم نەبوو لەدژی ھیچ لایەك، دەركەوت لە سەرریفراندۆم نیسە خەڵكی كوردستان سزا دەدرێت و مووچەو بودجەی دەبردرێت، بەڵكو لەسەر كوردبوونەو بۆ رووخاندنی ئیرادەی گەلی كوردستان، لە سەرەتای مانگی شوباتی سالی 2014 حكومەتی عێراق پشكی ھەرێمی كوردستانی لە بودجەی عێراق بڕی، كەئەوكات ریفراندۆم ئەنجام نەدرابوو، بۆیەش ئەنجام دانی ریفراندۆم مافێكی سرووشتی و ئاسایی ھەموو نەتەوەو گەلێكە و پێویست بوو لەلایەن وڵاتانەوە رێز لەو ئیرادەیە بگیرێت، لەپەراوێزی ئەم راستیانەی سەرەوە گرنگە كێشەكانی هەرێم و بەغداد لەسەر بنەمای دەستور چارەسەر بكرێن، تا گەلی كوردستان ھەست بەمافە دەستوورییەكانی خۆی بكات.
نابێت شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان تێكەڵی ململانێ سیاسییەكان بكرێن و بەڵكو دەبێت بە زووترین كات ئەو كێشەیە چارەسەر بكرێت و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، چیدیكە بۆ وەرگرتنی مافەكانیان لە چاوەڕوانیدا نەبن، كە دوایین سەردانی شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەنگاوێكی گرنگە بۆ بژێوی و سەقامگیری كوردستان و چارەسەركردنی كێشەكان.