مستەفا دۆلەمەری – مێرگەسۆر:
لە ناحیەی پیران سەر بە قەزای مێرگەسۆر كانییەك ئاوی سوێری هەیە و خەڵكی ناحیەكە رۆژانە 100 كیلۆ خوێی لێ بەرهەم دەهێنن.
خەڵكی ناوچەكە نزیكەی شەش مەتر دەڕۆنە قوڵای كانیی خوێیەكە بۆ دەرهێنانی ئاوی سوێر، پاشان ئەو ئاوە دەكەنە ناو دەفرێكی مەزن بۆ كوڵاندن و كەسێك ئاگری ژێر دەفرەكە خۆش دەكات و كەسێكی تر ئاوە سوێرەكە دەخاتە ناو دەفرەكە و هەروەها كەسێكی دیكەش خوێیە دروست بووەكە لە ئاو جیا دەكاتەوە.
نەزەت پیرانی، دانیشتووی ناوچەكەیە، بۆ زاری كرمانجی گوتی: كەسێك بەناوی شێخ یوسف، بە دەستەكانی خۆی ئەو بیرەی لێداوە و مێژووی ئەم كانیە خوێیە بۆ زیاتر لە 300 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و خەڵكی ئەو ناوچەیە ڕۆژانە هەر ماڵێك بە نۆرە دەچێتە سەر كانیاوەكە و پێنج كاتژمێر كار دەكەن و زێدەتر لە 100 كیلۆ خوێ لێ دەردەهێنن.
دەشڵێ: هیچ كاتێك بیرمان لەوە نەكردۆتەوە كە كارگەیەك دروست بكەین و ئەو خوێیە بفرۆشین، باب و باپیرانمان نەیان فرۆشتووە و ئێمەش نەمان فرۆشتووە، تەنها خەڵكی ناوچەكە بۆخۆیان بەكاردەهێنن و ئەگەر كەسێك داوا بكات ئەوا بێ بەرامبەر پێی دەدەین.
نەزەت پیرانی، ئاشكراشی كرد: ئەمە بیرێكی ئاسایی نییە و خەڵكی ناوچەكە وەكو ئاوێكی پیرۆز لێی دەڕوانن و نابێت ئاوەكەی بڕژێت و هەر دەستێوەردان و بە فیرۆدانێكی ئاوی بیرەكەش بە گوناح دەزانین.