زاری كرمانجی- سۆران:
پزیشكێكی زانستی خۆراك، دەڵێت: چەند هۆكاری گرنگ هەن بۆ زیادبوونی كێش، كە لە خوارەوە ئاماژەیان پێ دەكەین.
د. كامەران ڕەسوڵ، پسپۆڕی زانستی خۆراك، دەڵێت” چەند هۆكارێكی گرنگ هەن بۆ قەڵەوی و زیادبوونی كێش لەم بابەتە تەندروستییەدا ئاماژەیان پێ دەكەین و هۆكارەكانیشی دەخەینەڕوو.
-وەرزش نەكردن و كەمبوونەوەی جووڵە: سەرما و دابەزینی پلەی گەرما دەبنە هۆی كەمبوونەوەی ئارەزووی وەرزش و ڕێگریكردن لە چالاكییە وەرزشییەكانی وەك ڕویشتن بە پێ، مەلە كردن، پاسكیل سواری و لە هەمان كات دا مانەوە لە ماڵەوەش بۆ ماوەیەكی زۆر دەبێتە هۆی بڕێكی زۆری خواردن.
-تووشبوون بە خەمۆكی لە وەرزی پایز: لەم وەرزەدا كۆمەڵێك كەس بە تێكچوونی میزاج، دڵتەنگی، زیادبوونی دڵەڕاوكێ و كێشەی دەروونی ناسراوە، ئەمەش پاڵ بە هەندێ كەسەوە دەنێت زیاتر پەنا بباتە بەر زۆر خواردنی شیرینی.
-تێكچوونی ئاستی هۆرمۆنەكان: بەتایبەت لەگەڵ هەڵكشانی تەمەن وەك نزم بوونەوەی ئاستی هۆرمۆنی ئیسترۆجین لە خانمان و تێستیڕۆن لە پیاوان، هەروەها بەرزبوونەوەی ئاستی هۆرمۆنی میلاتۆنین كە لێپرسراوە لە ڕێكخستنی كاتەكانی بایۆلۆجی و كۆنتڕۆڵكردنی جەستە.
-خواردنی بڕێكی زیاتر لە خۆراك: دوور و درێژی كاتەكانی شەو دەبنە هۆی زۆر خواردن، هەروەها هەستكردن بە سەرما ڕەنگە ببێتە هۆی زیادبوونی خواردن بە مەبەستی گەرمبوونەوەی جەستە، جگە لەوەی خواردن لەكاتی سەرما تاموچێژی خۆشترە، هەروەها وەك هەموومان دەزانین لای خۆشمان زیاتر ئەو خواردنانە دەخۆرێن كە بڕێكی زۆر وزیان تێدایە وەك سەروپێ، نۆكاوی پڕ چەوری و دوگ و بەز، محەلەبی، كاستەر و جۆرەكانی شیرینی.
-نەخواردنەوەی بڕی پێویست لە ئاو چونكە لە كەشی سارد كەمتر هەست بە تینیوویەتی دەكەین لە هەمان كات دا نەخواردنی بڕی پێویست لە سەوزە و میوە كە دەوڵەمەندن بە ئاو .