مههدى محهممهد – زاری کرمانجی :
لە چوارچێوەی گرتن و ڕاوەدوونانی بەشداربووانی شۆڕشی ژینا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، لە ماوەی 9 مانگی ئەمساڵ زیاتر لە 110 قوتابی و 43 مامۆستا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستگیرکراون.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە و هێما بۆ ئەوە دەکات کە لە سەرەتای ساڵی 2023 ەوە، لانی کەم 110 منداڵ و قوتابی و 43 مامۆستای قوتابخانە لە سەرتاسەری ئێراندا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراون و 17 مامۆستا و 5 قوتابیش سزای بەندکردن و لێدانی قامچی بەسەریاندا سەپێنراوە.
لە ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو هاتووە، لەو 110 منداڵە و مێردمنداڵانەی دەستگیرکراون، 47 یان کورد و 47 یشیان بەلووچی بوونە، کە دەکاتە زیاتر لە 85 % ی کۆی ئەو منداڵانەی لە سەرتاسەری ئێران دەستگیرکراون، هەروەها ئاشکراشی دەکات کە لەنێو دەستبەسەرکراواندا، ١٦ منداڵی کچ و ٩٤ کوڕ هەیە کە هەر هەموویان تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵەوەیە
هەر وەکوو لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە مامۆستایانیش بێ بەش نەبوونە لە گرتن و ڕاوەدوونان و ئەشکەنجەکردن : “لانی کەم 47 مامۆستا لە شارەکانی ئێراندا دەستبەسەرکراون، لەنێویاندا ٢٦ مامۆستای کورد هەیە کە لە شارەکانی کوردستاندا مامۆستا بوون.
لە درێژەی ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو سەبارەت بە سەپاندنی سزای بەندکردن و لێدانی قامچی، هاتووە : “لە ماوەی ئەم ٩ مانگەدا، 5 منداڵ و مێردمنداڵی خوار تەمەن 18 ساڵ، لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای ٩ ساڵ و ٥ مانگ بەندکران و ١٤٨ قامچییان بەسەردا سەپێنراوە. ئەم پێنج منداڵە خەڵکی شارەکانی کوردستانن.