زاری كرمانجی- سۆران:
پزیشكێكی گیادەرمان دەڵێت: وەرزی زستان نزیكە و نەخۆشییە وەرزییەكانیش بەردەوامن، بۆیە لە وەرزی سەرمادا بۆ ڕێگریكردن لە نەخۆشییەكان پشت بەم میوە و سەوزانە ببەستن كە لە خوارەوە ئاماژەیان پێدەكەم:
د. بەدر سورچی، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر و پسپۆڕی گیادەرمان، بە زاری كرمانجی گووت” لەگەڵ نزیكبوونەوەی وەرزی زستان و سەرما و نەخۆشییە وەرزییەكان دەبێ پشت بە چەندین میوە و سەوزە ببەستین كە پڕن لە ڤیتامین C كە سەلامەترین و كاریگەرترین ماددە خۆراكییەكانە، لە زۆربەی میوە و سەوزەكانیش دا هەیە، میوەكان لیمۆ، پرتەقال، سندی، كیوی، فڕاولە، گندۆرە، بەهێ، هەروەها سەوزەكانیش بڕۆكلی، بیبەری سەوزی شیرین، كەلەرمی سۆر، قەڕنابیت، پەتاتە، بیبەری سۆر تیژ و شیرین، كەرەوز، مەعدەنووس و سپێناخ.
ئەم پزیشكە سەبارەت بە سوودەكانیش، گووتی: ئەو میوە و سەوزانەی كە باسمان كردن سوودبەخشن و پڕن لە ڤیتامین C، هەروەها سوودەكانی ئەم ڤیتامینەش بریتین لە چارەسەر بۆ سەرمابوون و هەوكردنی سییەكان و كۆخە، سیستەمی بەرگری لەش بەهێز دەكات، پارێزگاری لە چاو دەكات، پێست جوان دەكات و دەیپارێزێت لە پیرپوون، پەلە، چرچ و لۆچی، هەروەها تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەكان كەم دەكاتەوە، یارمەتی بەرزی پەستانی خوێن دەدات، ئاستی ترشی یوریك لە خوێندا كەم دەكاتەوە و ڕێگری لە كەمی ئاسن دەكات.
د. بەدر سورچی، ئاماژە بەوەش دەكات: ڕۆژانە هەولبدەن ١ تا ٣ جۆر میوە و سەوزە بخۆن، بڕی ڤیتامین كە دەتوانیت لە ڕۆژێكدا بیخۆیت ١٠٠٠ میلیگرامە بۆ گەورەكان، هەروەها بۆ منداڵانیش ٥٠٠ میلیگرام.