زاری كرمانجی- سۆران:
پەرلەمانتارێكی عێراق، دەڵێت: ئەو پەرلەمانتارانەی دژی هەرێمی كوردستان قسە دەكەن، دەیانەوێت شكستی حوكمرانی ناوەڕاست و باشوور، لوولدانی سەدان ملیار دۆلار بە بەهێرشكردنە سەر هەرێم بشارنەوە.
سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بۆ زاری كرمانجی گوتی: ئەو پەرلەمانتارانەی دژی هەرێمی كوردستان قسە دەكەن و دەڵێن، ناردنی ٢.١ ترلیۆن دینار قەرز بۆ هەرێم ستەمە لە خەڵكی ناوەڕاست و باشوور دەكرێت، ئەگەر بە ڕاستی شۆڤێنی و دژە كورد نین، بەڕاستی نوێنەری ناوەڕاست و باشوورن، با بە حكوومەتەكەیان بڵێن با ڕێگای هەناردەی نەوتی هەرێم بكەنەوە و یاسایێكی نەوت و گاز كە ڕەنگدانەوەی فیدراڵی بێت دەربكەن، ئەوا نەوتی خۆمان بۆ خۆمان كافییە.
شێروانی، دەشڵێ: ئەو پەرلەمانتارانە ڕاست ناكەن، جگە لەوەی بە مانەوەی كورد ئارامییان نەماوە، دەیانەوێت شكستی حوكمرانی ناوەڕاست و باشوور، لوولدانی سەدان ملیار دۆلار بە بەهێرشكردنە سەر هەرێم بشارنەوە.