زاری كرمانجی- سۆران:
بەڕێوەبەری بانكی خانووبەرەی سۆران، دەڵێت: گەڕانەوەی پێشینەكان ئارەزوومەندانەیە و مووچەی كەفیلەكانیش نابڕدرێت.
ڕۆژی 21ی مانگی ڕابردوو لەسەر فەرمانی سەرۆك بارزانی، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا بە گۆڕانكاری لە میكانیزمی وەرگرتنەوەی پێشینەكانی هاوسەرگیری و خانووبەرە لە هاووڵاتییان، بەجۆرێك رەچاوی دۆخی دارایی هاووڵاتییان بكرێت.
فەرهاد جەلال، بەڕێوەبەری بانكی خانووبەرەی سۆران، بۆ زاری كرمانجی گوتی: دوای ئەوەی مانگی ڕابردوو سەرۆكی حكوومەت بڕیاریدا گۆڕانكاری لە میكانیزمی وەرگرتنەوەی قەرزەكانی پێشینەی هاوسەرگیریی و خانووبەرە بكرێت، ئێستا ئەو پێشینانە لە كەس وەرناگیرێت، مەگەر كەسێك بە ئارەزووی خۆی پێشینەی هاوسەرگیری، یان خانووبەرە بگەڕێنێتەوە، واتە گەڕانەوەی پێشینەكان ئارەزوومەندانەیە و مووچەی هیچ كەفیلێكیش بۆ ئەو مەبەستە ڕانەگیراوە.
بەڕێوەبەری بانكی خانووبەرەی سۆران، گوتیشی: چاوەڕێی هاتنی ڕێنمای نوێ دەكەین، هەر كاتێك ڕێنمایی نوێ بە دەست ئێمە گەیشت، بەپێی ئەو ڕێنمایانە پێشینەكان لە هاووڵاتییان وەردەگرین.