د. ئازا – زاری كرمانجی:
گەوهەری زۆر بەنرخ و جوانمان هەیە لە دەڤەرەكەمان كە پێویستە دەستیان بگرین و هاندەریان بین تاوەكو ئەو سامانە مرۆییە بە بەهایانەمان نەفەوتێن و ون نەبن، و گرنگە ئێمە ئەوانە بكەین بە نەخشە ڕێگەیەك تاوەكو گەنج و لاوانمان بە هەمان ڕێگەی ئەوانەدا بڕۆن.
محەممەد ساڵح دانیشتووی شاری سۆران، یاریزانی یارییە هونەرە جەنگییەكانە ڕۆژانە مەشق و ڕاهێنانەكانی لە فێرگەی كۆنفۆ توای جاگوار بەسەرپەرشتی ڕاهێنەر “م. پشتیوان” ڕاهێنانەكانی ئەنجام ئەدات، تاوەكو ئێستا لە حەوت پاڵەوانێتی نێودەوڵەتی بەشداری كردووە و توانیویەتی لە هەموو پاڵەوانێتییەكان پلەی یەكەم بەدەست بهێنێت.
یاریزان محەممەد، بۆ زاری كرمانجی دەڵێت: ڕاستە لەبەر هەژاری و خەراپی دۆخی ئابووری نەمتوانی خوێندن تەواو بكەم، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەژاری ڕێگر نەبووە لە بەدیهێنانی خەونەكانم، چونكە من هەوڵم داوە لەسەر پێی خۆم ڕابوەستم و ڕۆژانە لە بازاڕ كاربكەم و هەوڵم داوە بژێوی ژیانی خۆم پەیدا بكەم بە حەڵاڵی.
محەممەد، وتیشی بە خۆشحاڵییەوە خودای گەورە دەرگەی خۆشی لێم كردەوە توانیم لە پاڵەوانێتی وڵاتانی ئاسیا كە لە شاری سلێمانی ڕێكخرابوو یارییەكانی، پلەی یەكەم بەدەستبهێنم و ببەم بە یەكەمی ئاسیا لە كێشی خۆم، زۆر دڵخۆش بووم كاتێك لە سەر سەكۆی یاری ئاڵای كوردستانم بەرز كردەوە و بە نوێنەرایەتی یاریزانەكانی شاری سۆران.
پاڵەوان باس لەوەش دەكات كە لە ئێستادا خۆی ئامادە دەكات بۆ بەشداری كردن لە پاڵەوانێتیەكی نێودەوڵەتی كە بڕیار وایە لە شاری سۆران ئەنجام بدرێت لە مانگەكانی داهاتوو، بۆیە ڕۆژانە بە چڕی ڕاهێنانەكانی ئەنجام ئەدات.
لە كۆتاییدا یاریزان داواكارە لە لایەنی پەیوەندیدار پشتگیری بكەن بە هێنانەدی خەونەكەی بۆ بەشداری كردن لە پاڵەوانێتی جیهانی كە یارییەكانی لە وڵاتی تایلەند بەڕێوەدەچن، بە ئومێدی ئەوەی بتوانێت لەوێش یەكەم ببێت و مەدالیایی ئاڵتونی بە دیاری بێنێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان.