زاری كرمانجی- سۆران:
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی کۆبوونەوەی لەگەڵ فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا جەختی لە گرنگیی بەردەوامبوون و خێراکردنی پرۆسەکە و پابەندبوون بە جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەی نۆیەم لە بواری ڕێکخستن و یەکخستنی پێشمەرگە و دوورخستنەوەی وەزارەت لە هەر دەستوەردانێکی حزبی و بەرژەوەندییەکی کەسیی کردەوە.
رۆژی پێنجشەممە (21ـی ئەیلوولی 2023)، مەسرور بارزانی، سهرۆكی حکومەتی ههرێمی كوردستان، پێشوازی له جەنەراڵ جۆول ڤاوڵ فەرماندەی گشتیی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا و شاندێکی یاوەری کرد.
له کۆبوونەوەکەدا کە مارک سترۆ کونسولی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەیی بوو، دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و سوریا تاوتوێ کرا.
تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەبارەی پرۆسهی چاکسازی له وهزارهتی پێشمهرگه و هەنگاوەکانی یهکخستنهوهی هێزەکانی پێشمهرگه و ڕێکخستنەوەی پێکهاتەکانی. لهمبارهیهوه سەرۆکی حکومەت جەختی لە گرنگیی بەردەوامبوون و خێراکردنی پرۆسەکە و پابەندبوون بە جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەی نۆیەم لە بواری ڕێکخستن و یەکخستنی پێشمەرگە و دوورخستنەوەی وەزارەت لە هەر دەستوەردانێکی حزبی و بەرژەوەندییەکی کەسیی کردەوە.
هەروەها ئاماژەی بەو دەنگۆیانە دا کە گوایە کێشە لە چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگەدا هەیە و گوتی پێویستە دەستوەردانی شەخسی و حزبی لە وەزارەت دوور بخرێتەوە و رێگری لە هەوڵەکانی سەرۆکوەزیران نەکرێت لە دانانی وەزیرێک کە توانای جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەتی هەبێت.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، بیروڕا دەربارەی بارودۆخی سوریا و بە تایبەتی ئاڵۆزییەکانی دەڤەری دێرئەززۆر و ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە ئاڵوگۆڕ کرا و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پاراستنی ئاسایش و ئاشتی کۆمەڵایەتی و تەبایی نێوان کورد و عەرەب و پێکهاتەکانی ناوچەکە.