صبری قهرمان صبری
چالاكوان – دەرچووی بەشی زمان و ئەدەبی ئینگلیزی/ فاكەڵتی ئاداب/ زانكۆی سۆران
زمان هۆیەكە بۆ لە یەكتر گەیشتن. بۆ ئەوەی بتوانین سوود لە كاتە بەتاڵەكانمان وەربگرین، دەتوانین فێری زمانێكی نوێ ببین. ئەو كەسانەی كە هەمیشە سەركەوتوون ئەوانەن كە هەموو ڕۆژێك بە پەرۆشن بۆ فێربوونی شتێكی نوێ، زانیاری كۆ دەكەنەوە لەسەر كولتوورێكی نوێ یاخود فێربوونی زمانی دووەم. لە بنەڕەتدا فێربوونی زمانی دووەم یارمەتیت دەدات بۆ ئەوەی لە هەموو بوارەكانی ژیانتدا بەرەو پێش بچیت.
زمانەوانان پێناسەی جیاوازیان بۆ زمان هەیە، (چۆمسكی) دەڵێت ”زمان كۆمەڵە ڕستەیەكە كە ڕێزمان دەریان دەكات.” (كارڵ) دەڵێت ”زمان كۆمەڵە ڕەمزێكی دەنگی لە خۆوەیە، كە دەتوانرێت بەكار بێت بۆ لە یەكتر تێگەیشتن و پۆلێنكردنی شت و ڕووداوەكانی دەوروبەر.”
زمانەوانان بەگشتی چوار جۆری زمانیان دیاری كردووە: زمانی دووەم، زمانی بیانی، زمانی كتێب، زمانی یاریدەدەر.
زمانی دووەم: زمانێكی فەرمی و باوە لە هەر كۆمەڵگەیەك. فێرخوازان پێویستیانە بۆ چەند مەبەستێكی دیاریكراو وەكوو: خوێندن، كاركردن. زمانی بیانی زمانێكی زۆر باو نییە لەنێو فێرخوازان و كۆمەڵگە، خەڵكی زیاتر بەمەبەستی گەشتكردن، بەهێزكردنی پەیوەندییەكان، بازرگانی بەكاری دەهێنن. زمانی كتێبیش مەبەست لێی ئەو زمانەیە كەوا لە چیرۆك و ڕۆمان و پەخشانەكان زیاتر بەكار دێت و جیاوازە لە زمانی ئاسایی. زمانی یاریدەدەریش فێرخواز بۆ كۆمەڵێك مەبەستی سیاسی و پەیوەندی كردن بەكاری دەهێنێت. فێربوون و بەكارهێنانی هەر یەكێك لەم جۆرە زمانانە گرنگی و تایبەتمەندی خۆی هەیە. كتێبی (Second Language Acquisition) لە نووسینی زمانەوانی بەناوبانگی ئەمریكی (یوڕیڵ ساڤێڵ ترۆیك) كە باس لە كۆمەڵێك تایبەتمەندی و گرنگی فێربوونی زمانی دووەم و بەربەستەكان دەكات. زمانەوانان بە گشتی لەسەر ئەوە هاوڕان كەوا فێربوونی زمانی دووەم دابەشی سەر كۆمەڵێك ئاستی سەرەكی دەبێت ئەوانیش بریتین لە: ئاستی دەروونزانی، ئاستی كۆمەڵناسی، ئاستی كۆمەڵایەتی و كولتووری و ژینگەیەكی هاندەر.
بەگشتی فێرخواز كە هەوڵی فێربوونی زمانی دووەم دەدات ڕووبەڕووی كۆمەڵێك بەربەست دەبێتەوە، دەروونییەن وا هەست دەكات كەوا ناتوانێت فێری زمانی دووەم ببێت، یاخود لە ڕووی كۆمەڵایەتی و ڕەفتاركردن خاڵی لاوازی بەرامبەر فێربوونی زمانی دووەم بۆ دروست دەبێت. كاریگەری كۆمەڵگە لەسەر فێرخواز هۆكارێكی ترە بۆ ئەوەی فێرخواز نەتوانێت بەباشی زمانێكی تر فێر ببێت. هەبوونی ژینگەیەكی یاریدەدەر و كۆمەڵێك هاندەری كولتووری بۆ فێرخواز خاڵێكی گرنگ دەبێت و یارمەتی دەدات لە فێربوونی زمانی دووەم. هاوكات لە پاڵ ئەمانەش لە ڕووی یاساكانی زمان ڕەنگە فێرخواز دووچاری كێشە ببێتەوە و نەتوانێت كۆنترۆڵیان بكات، بەتایبەت لە ڕووی وشە زانی، خوێندنەوەی وشەكان، پێكهاتەی وشەكان، پێكهاتەی ڕستەكان و ڕێزمان بە گشتی. زمانەوانان پێیان وایە تێگەیشتن و شیكردنەوەی ئەو ئاستانە وەك ئەوە وایە سێ كەسی كوێر وەسفی فیلێك بكەن، یەكێكیان تەنیا هەست بە كلكەكەی بكات و پێی وا بێت وەك گوریسێكە، ئەوەی تریشیان هەست بە لایەكی بكات و پێی وا بێت تەخت و لاستیكییە، كۆتا دانەشیان هەست بە قەدی فیلەكە بكات و پێی وا بێت وەك بۆڕییەكی درێژی ئاوە. لە بنەڕەتدا بیر و بۆچوونی هەرسێكیان ڕاستە بە شێوازی جیاوازی ڕاڤە كردنیان.
چی وا دەكات كەوا هەندێك فێرخواز باشتر و زووتر فێری زمانی دووەم ببن وەك لە هەندێكی تر؟
زمانەوانان پێیان وایە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە ئاسان نییە، بە هۆكاری ئەوەی تاوەكوو ئێستا نەگەیشتوون بە كۆمەڵێك خاڵی گشتگیر و ڕوون لەسەر هۆكاری سەرەكی. بە شێوەیەكی گشتی پێیان وایە تەمەن، ڕەگەز، توانای فێربوون، هاندان، وا دەكەن فێرخوازێك زووتر یاخود باشتر فێری زمانی دووەم ببێت بە بەراورد بە یەكێكی تر.
منداڵ بەراورد بە كەسێكی پێگەیشتوو توانای فێربوون و ڕێزمانی دیاریكراوە و كەمترە. كۆمەڵێك توێژینەوەش پێیان وایە ڕەگەزی مێیینە توانای لەبەركردن و كاردانەوەی بۆ بارودۆخەكان باشترە وەك لە نێرینە، لە كاتێكدا نێرینەكان زیاتر توانای هەڵسەنگاندن و زاڵبوونیان هەیە بەسەر بارودۆخە قورسەكان. توانای فێربوونی هەردووك ڕەگەز جیاوازە لە یەكتر، توێژەران ڕاو و بۆچوونی جیاوازیان هەیە، بە گشتی دوو جۆری هاندان هەیە لە تاك، جۆرێكیان تایبەتە بە خودی حەز و ئارەزووی تاك بۆ فێربوون، جۆری دووەمیش بریتییە لەو هۆكارانەی كە وا لە تاكێك دەكەن زووتر فێری زمانی دووەم ببێت بەراورد بە تاكێكی تر، وەك خوێندن، بازرگانی، سیاسەت، زانست، گەشت.
بۆ چی گرنگە فێری زمانی دووەم ببین؟
وەك ئاشكرایە جیهان وردە وردە بەرەو پێش دەڕوات، ئێمەش وەك فێرخواز گرنگە زیاتر لە زمانێك بزانین، بۆ ئەوەی بەشدار ببین و دوا نەكەوین لەم بەرەو پێش چوونە. فێربوونی زمانی دووەم كۆمەڵێك سوودی بێهاوتات پێ دەبەخشێت وەكوو:
یارمەتیت دەدات لە دەستكەوتنی پیشەیەك – كارێكی باشتر.
وات لێ دەكات زیاتر مێشك كراوە بیت.
وات لێ دەكات پەیوەندی زیاتر لەگەڵ خەڵكی زیاتر و دەرەوەی ناوچەی خۆت ببەستیت.
وات لێ دەكات زیاتر لە فەرهەنگ و كولتووری خەڵكی تێ بگەیت و زانیاریت لەسەریان هەبێت.
دەتوانیت زیاتر گەشت بكەیت و كەمتر تووشی كێشەی گفتوگۆ كردن بیت.
زانیاری زیاترت پێ دەبەخشێت لەسەر جیهانی دەوروبەر.
مێشكت زیاتر چالاك دەكات، بە فێربوونی زمانی دووەم هاوكات فێری ڕستە، وشە، یاسای نوێ دەبیت.
توانای بڕیاردانت باشتر دەبێت و فەرهەنگی زانیارییەكانت دەوڵەمەندتر دەبێت.
زمانەوانان ئەوەیان سەلماندووە، زانینی زمانی دووەم یارمەتیت دەدات نمرەی زیاتر بەدەست بهێنیت، چونكە مێشكت زیاتر چالاك دەبێت.
متمانە بە خۆبوونت زیاتر دەبێت، زیاتر خۆت دەناسیت.
هۆكاری زیاتر هەن كەوا لە فێرخواز دەكەن هەوڵی فێربوونی زمانی دووەم بدات. زۆر گرنگە زیاتر لە زمانێك بزانین، بێگومان لە هەر هەوڵدانێكیش كۆمەڵێك ئاستەنگ و بەربەست دێنە بەردەمت كەوا ڕێگریت لێ دەكەن، بەڵام گرنگە بتوانین بەسەریان زاڵ ببین و ئەزموون و زمانێكی نوێ فێر ببین. لە كۆتاییشدا بەو گوتەیە دەتوانین جەخت لەسەر گرنگی فێربوونی زمانی دووەم بكەینەوە ”چەند زمان بزانیت، ئەوەندە كەسەیت.” جیا لەو ڕێگایانەی باس كران، باشترین و نایابترین ڕێگا بۆ فێربوونی زمانی دووەم بریتییە لە ڕاهێنان كردن. ”ڕاهێنان باشترت دەكات.”