بەڕێوەبەری مەشق و راهێنان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران وەڵام دەداتەوە
محەممەد مەحموود – سۆران:
بۆ ئەمساڵی خوێندن وەزارەتی پەروەردە بۆ گرنگیدانی زیاتر بە تواناو شێوازی وانە گوتنەوەی مامۆستایان، مامۆستای راهێنەری ئامادەكردووە بۆ قوتابخانەكان، ئەمەش دوای بەشداریكردنی ئەو مامۆستا راهێنەرانە لە خولێكی تایبەت بە كاری راهێنەرایەتی، لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران 60 مامۆستا بۆ قۆناغی بنەڕەتی ئەو ئەركەیان پێدراوە”.
سەعەدەدین سلێمان شوان، بەرپرسی مەشق و راهێنان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران بە زاری كرمانجی راگەیاند” كاری مامۆستایانی راهێنەر رانەگیراوە، تەنها بۆ ئەو هەفتەیە مامۆستایانی راهێنەر داوایان كرد مۆڵەتیان پێ بدرێت بۆئەوەی باشتر خۆیان ئامادەبكەن بۆ ناوەندەكانی خوێندن، ئەوەبوو رەزامەندیمان بۆ وەرگرتن بۆ ئەو هەفتەیە، لە هەفتەی داهاتوو مامۆستایانی راهێنەر سەردانی قوتابخانەكان دەكەن لە سنووری پەروەردەكانیان كە بۆیان داندراون”.
بەڕێوەبەری مەشق و راهێنانی لە پەروەردەی گشتی سۆران ئەوەشی خستەروو” لە قۆناغی بنەڕەتی لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران بە هەر چوار پەروەردەكانی سۆران، رواندز، مێرگەسۆر، چۆمان ، 60 مامۆستا كاری راهێنەرایەتی دەكەن دوای بەشداریكردنیان لە خولی تایبەت بەو كارە، بە پێی شوێنی جوگرافی قوتابخانەكان بەسەر راهێنەرانەكان دابەشكراون هەیان 10 قوتابخانەی بەر كەوتووە هەشیانە لەو ژمارەیە كەمتر”.
سەعەدەدین سلێمان ، بەرپرسی مەشق و راهێنان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران ئەوەشی بۆ زاری كرمانجی روونكردەوە” كاری مامۆستایانی راهێنەر بۆ قۆناغی دواناوەندی و ئامادەیی رەنگ بێت بكەویتە ساڵی داهاتوو، ئەمەس تەنها قۆناغی بنەڕەتی بێت.