رۆژی چوارشەممە بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، پشتیوانیی بەردەوامی وڵاتەكەی بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە.
سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) بڵاوی كردەوە: “لە پەراوێزی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆبوونەوەیەکی بەرهەمدارمان هەبوو لەگەڵ ڤیکتۆریا تەیلەر جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران و عێراق لە نووسینگەی کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک.”
هەروەها دەڵێ: “جەختمان کردەوە لەسەر پەیوەندی بەهێزی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا و بەردەوامی پاڵپشتیمان. هەروەها لەسەر پێویستی گفتوگۆی بنیاتنەر لە نێوان هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشە هەڵپەسێردراوەکان.”
لای خۆیەوە جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە هەژماری وەزارەتەكەیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتییی (ئێكس) بڵاوی كردەوە: “لە دیدارماندا لەگەڵ سەفین دزەیی، پشتیوانی بەردەواممان بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپات كردەوە، هەروەها داوای بەردەوامیی گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدامان کردووە وەک رێگەیەک بۆ دڵنیابوونەوە لە بەهێزی و پێداگریی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقێکی سەربەخۆدا.”