زاری كرمانجی – سۆران :
بەڕێوەبەرایەتی یاسایی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی لە رونكردنەوەیەك كە درەنگانی شەوی رابردوو بڵاوكراوەتەوە دەڵێ:” ئەوان بەرپرسن لە چالاكییە ئاینییەكان بەشێوەیەكی گشتی لە هەرێمی كوردستان، لەهەمانكاتدا لە دیوانی وەزارەت بەشێكی تایبەت بە فێركردن و لەبەركردنی قورئانی پیرۆز هەیە و زیاتر لە 100 بنكە لەشار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان بونیان هەیە”.
لە روونكردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی یاسایی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی دا هاتووە ” وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی بە پێی یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2007 بەرپرسە لە چالاكییە ئاینییەكان بەشێوەیەكی گشتی لە هەرێمی كوردستان، لەهەمانكاتدا لە دیوانی وەزارەت بەشێكی تایبەت بە فێركردن و لەبەركردنی قورئانی پیرۆز هەیە، كە تیایدا زیاتر لە 100 بنكە لەشار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان بونیان هەیە و هەروەها 136 حوجرەو 21 قوتابخانەی ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە بەرێوەبەریەتی خوێندن مۆلەت پێدراون، ئەمە وێرای كردنەوەی 525 خولی فێربونی قورئانی پیرۆز”،
ئاماژە بەوەشكراوە” خولی پەرەپێدان بۆ سێ هەزار مامۆستای ئایینی لە پارێزگاكانی هەرێم و ئیدارە سەربەخۆكان لە ساڵی 2022 كراوەتەوە، ئەمانە هەموویان بە پشتیوانیەكی وەزارەت كارەكانیان بەڕێوەدەبەن و خاوەنی هەزاران دەرچون”،
بەڕێوەبەرایەتی یاسایی وەزارەتی ئەوقاف باس لە نوسراوەكەیان دەكات بۆ وەزارەتی ناوخۆ و دەڵێ” بەڕونی ئاماژەدراوە كە بۆ هەر چالاكیەكی ئایینی وەزارەت پێویستە (ڕەزامەندی بدرێت) ئەمە بەواتایی ئەوەی دێ ئەم خولانەی دەكرێنەوە بەشێوەی كرداری سەلمێنەربێت كە خزمەتە بە پەروەردەی ئایینی و خەڵكانی شارەزاو ئەكادیمی وانەكان دەڵێنەوە، چونكە خوێندنی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و ئایینەكانی دیكە ئەمانەتێكی گەورەیە لە ئەستوی وەزارەتەكە”.
ئەوەش وتراوە “ئەم نوسراوە پەیوەندی بەچالاكی ئەو رێكخراوانە نییە كە لە چوارچێوەی یاسا كارپێكراوەكان و بەپێی رێنماییەكان مۆڵەتی كاركردنیان هەیە، چونكە لە هەندێك شوێن و ماڵان و جێگەی نافەرمی كەسی نەشارەزا قورئانی پیرۆز و وانەی ئایینیان بۆ مەبەستی كەسی و سیاسی بەكارهێناوە”
بەڕێوەبەرایەتی یاسایی وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت، “هەمیشە هانی هەموو جۆرە خزمەتێكی ئایینی پیرۆزی ئیسلام دەدەین، لە چوارچێوەی یاسا كارپێكراوەكاندا، هەوڵیشمان داوە سفرەیەكی كوردستانی بێ بۆ كۆكردنەوەی هەموان هەماهەنگی نێوان چالاكییەكان لە پێناو خزمەتێكی باشتر بە ئایینی پیرۆزی ئیسلام و نەتەوەكەمان”.