زاری كرمانجی – چۆمان:
ماوەی چەندین ساڵە پەكەكە لە ناوچە سنوورییەكانی ئیدارەی سۆران نیشتەجێین، ئەمەش وای كردووە بەهۆی ملمانێی سیاسی و شەڕ و پێكدادان خەڵكێكی زۆری سڤیل ببێتە قوربانی و ژمارەیەكی زۆری گوند و ئاوایش چۆڵ بكرێن.
سوارە ئەكڕەم قائیمقامی قەزای چۆمان، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند:” هەبوونی چەكدارانی پەكەكە لە ناوچەكانی دۆڵی باڵەییان، گوندەژۆر، گەرەژێرو، بەشێكی كۆدۆ لە باڵەكایەتی، كێشە و گرفتی بۆ خەڵك و دواجار حكوومەتیش دروست كردووە.
قائیمقامی قەزای چۆمان، دەڵێت:”: پارتی كرێكارانی كوردستان ” پەكەكە ” هۆكاری سەرەكین لە نەگەیشتنی پڕۆژە و خزمەتگوزاری بۆ ئەو ناوچانە، بۆیە لەئێستادا ژمارەیەك گوند لەناوچەكە نەتوانراوە پڕۆژە و خزمەت گوزارییان بۆ بچێت، بەتایبەت لە دۆڵی باڵەیان كە 16 گوند گرفتی بەردەوامیان هەیە، لەرووی ئەمنیەت و خزمەتگوزاری وئیداری و هامووشۆی خەڵك و گەشتیاری.
قایمقامی قەزای چۆمان، ناشی شارێتەوە، لە ئێستادا، سێ گوند لەسنووری قەزای چۆمان كاریگەری چۆڵبوونی لەسەرە، بەدیاریكراویش گوندەژۆر، گەلەژێرن كە بەهۆی بوونی پەكەكە خەڵك ناتوانێت بەردەوام لەگوندەكانیان بمێننەوە .”